رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق روونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنى کەسێک دەدات کە وا بڵاوکراوەتەوە سکرتێرى سەرۆککۆمار بووە. دەڵێت: پاسەوان بووە و پێشتر دەست پێ لەکارکێشانەوەى بۆ کراوە.
روونکردنەوەکەى سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ى کانوونى دووەمى 2025، بڵاویکردەوە، دواى ئەوەى هەندێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە کەسێک بەناوى چالاک سەباح عومەر دەستگیرکراوە کە سکرتێرى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار بووە.
سەرۆکایەتیى کۆمار رایگەیاندووە، ئەو کەسە یەکێک لە ئەندامانى تیمى پاسەوانیى سەرۆککۆمار بووە نەک سکرتێرى کەسى، پێشتر سەرۆکایەتیى کۆمار روونکردنەوەى لە بارەوە داوە.
پێشتر لە 26ى تشرینى دووەمى 2024، سەرۆکایەتیى کۆمار روونکردنەوەیەکى بڵاوکردبووەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە و ئاماژەى بەوەدابوو کە یەکێک لە کارمەندانى لیواکانى سەرۆکایەتى ئەرکەکەى قۆستووەتەوە بۆ ئەوەى بەناوى بەرپرسانى سەرۆکایەتى کۆمارەوە بەرژەوەندی کەسى خۆى جێبەجێ بکات کە گوایە رۆڵى لە دەرکردنى بڕیار دەبێت.
سەرۆکایەتیی کۆمار رایگەیاندووە، ئەو کەسەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ى کانوونى دووەمى 2025، دەستگیرکراوە، پێشتر سەرۆککۆمار دەستی پێ لەکارکێشاوەتەوە و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کراوە و رێوشوێنى یاسایی لە دژى گیراوەتەبەر. "ئەوەى کردوویەتى هەڵسوکەوتێکى کەسیى بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ