رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئاشکرای دەکات، دەروازەیەکی نافەرمی لە نزیک دەروازەی فەرمیی قائیم هەیە و "کاری قاچاخچیەتی و نایاسایی تێدا دەکرێت."
عەبدوڵڵا جغێفی، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تەنیا بە دووری یەک کیلۆمەتر لە دەروازەی فەرمی قائیمەوە، دەروازەیەکی نافەرمی هەیە.
دەروازەی قائیم بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت، کە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور و لەوێ پێیدەگوترێت دەروازەی ئەلبوکەمال.
ئەو بەرپرسە دەوازە نافەرمییەکە بە "دەروازەی رەش" ناو دەبات و دەڵێت، "بە شێوەیەکی نایاسایی کار دەکات و بووەتە سەرچاوەی قاچاخچیەتی لە ناوچەکەدا."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو دەروازە نافەرمییە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپێکی چەکداری شیعەکانە.
هەر لەوبارەوە، تورکی مەحلاوی، قائیمقامی قەزای قائیم، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، کردنەوەی ئەو دەروازەیەی پشتڕاستکردەوە. بەڵام بە گوتەی خۆی، هەفتەی رابردوو دەروازەکەیان داخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ