لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە 4 پارێزگا بڵاوەیان پێدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵ، مەشق و راهێنانی پێشمەرگە و سەربازەکانی لیوای 20ـی هاوبەشی عێراق تەواو بکرێت و پاش ئەوە پڕچەک بکرێن و ئامادەبکرێن بۆ بڵاوەپێکردنیان لەو ناوچانەی مەترسیی هێرشی داعشیان هەیە.
 
عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەبووایە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ راهێنانی هێزەکانی لیوای 20ـی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق تەواوببێت و دوای ئەوە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام مەشق و راهێنانەکان بۆ ماوەی مانگێک درێژکراونەتەوە."
 
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵ مەشق و راهێنانی ئەو هێزانە کە لە ژمارەیەک بنکەی جیاوازی راهێنان لە چەند پارێزگایەکدا راهێنان دەکەن، کۆتایی دێت.
 
سەبارەت بە وادەی بڵاوەپێکردنی هێزەکە، عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە گوتی: "دوای تەواوکردنی راهێنەکانیان پڕچەک دەکرێن و تفاق و کەرەستەی پێویستیان بۆ دابیندەکرێت و پاش ئەوە بڵاودەکرێنەوە کە دیار نییە کەی دەبێت، بەڵام لەماوەی سێ مانگی دوای تەواوبوونی راهێنانەکان واتە تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بڵاودەکرێنەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرباز و پێشمەرگەکانی لیوای 20ـی هاوبەشی عێراق کرد، لە رۆژی شەممەوە (2-12-2023) پەیوەندیی بە سەنتەرەکانی راهێنان لە پارێزگاکانی، کەرکووک، دیالە، نەینەوا بکەن بۆ ئەوەی دەستبەکارببن و دواتر دەست بە مەشق و راهێنان و پڕچەککردن و دواتر بڵاوکردنەوەیان بکرێت.
 
مانگی ئابی ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە، کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردنە سەر ئەو هێزانە و خەڵکی ئەو ناوچانە.
 
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
 
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، سەبارەت بە نەخشەی بڵاوبوونەوەی ئەو دوو لیوا هاوبەشە گوتی: "لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە دەبن." گوتیشی: "لیوایەکیان لە خانەقینەوە تاوەکو پردێ بڵاودەکرێتەوە، لیواکەی دیکەش لەو دیوی پردێ تاوەکو نەینەوا دەبێت."
 
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ی پێشمەرگە و لیوای 66ی سوپای عێراق پێکدێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت و جێگرەکەی لەنەتەوەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیکەشيان فەرماندەکەی عەرەب بێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی کورد دەبێت.
 
لیوای 20ی هاوبەش زیاتر لە 3,700 پێشمەرگە دەبن و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.