وەزارەتی دەرەوەی عێراق: دەرفەت بدرێتە دانوستاندنەکانی عێراق و ئەمریکا

30-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دژی ئەو گرژییانەیە کە پێرێ لەسەر سنووری نێوان سووریا و ئوردن روویاندا و تێیدا بە درۆن سێ سەربازی ئەمریکا کوژران و 40یشیان برینداربوون. وەزارەتکە داوا دەکات دەرفەت بدرێتە ئەو دانوستاندنەی کە عێراق و ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعش دەیکەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا و رووداوەکانی ئیسرائیل و فەلەستین راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "نیگەرانیی زۆرمان لەبەرامبەر ئەو پێشهاتە ئەمنییانەی ئەمدواییەی ناوچەکە دەردەبڕین و داوای کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان دەکەین بەهۆی ئەو دۆخە هەستیارەی ئێستا و پێویستیی بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان لەپێناو سەقامگیری."
 
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی دوێنیی سەر سنووری ئوردن و سووریا، دەڵێت: "زیادکردنی ئەو گرژییە ئەمنییانە رەتدەکەینەوە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن لەسەر سنووری لەگەڵ سووریا هەن."
 
باسی ئەو دانوستاندنەشی کردووە کە لەنێوان عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعش هەیە، دەڵێت: "جەخت لەسەر پێویستیی رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەو گوتوبێژانە دەکەینەوە کە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکرێت و حکومەتی عێراق هەوڵی چڕی تێدا دەدات لەپێناو گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ئەرێنی کە خزمەت بە عێراق و ناوچەکە دەکات."
 
رۆژی یەکشەممە هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی ئوردن لەسەر سنووری لەگەڵ سووریا کە بووە هۆی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 40ی دیکە. 
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە کەناڵی msnbcـی وڵاتەکەی گوت: "هێرشەکە لە رێگەی یەک درۆنەوە بووە و هەندێک لە سەربازە بریندارەکانیشمان دۆخیان جێگیر نییە".
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، لەکاتی هێرشەکەدا زۆربەی سەربازەکانیان لە خەودا بوون.
 
بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە 17-10-2023ەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، نزیکەی 160 جار هێزەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت