عامری: لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی دیکە دەبینە ئۆپۆزیسیۆن

 
رووداو - بەغدا

ھەفتەیەکی دیکە پرسی سەرۆککۆماری عێراق کۆتایی دێت و ھەنگاو بۆ راسپاردنی سەرۆکوەزیران دەنرێت، بەڵام ھێشتا شیعەکان ناکۆکییەکانیان لە لووتکەیە و ناتەبان، بەلای چوارچێوەی ھاوئاھەنگییەوە ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەگوزەرێت پیلانگێڕییە دژی شیعە، سەرکردەکانی چوارچێوەی ھاوئاھەنگیی ئەمریکا، سعودیە و ئیمارات تۆمەتبار دەکەن بەو لێکترازانە لەنێو ماڵی شیعە دروستبووە.
 
ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح دەڵێت، "برایانمان لە سەدرییەکان و لیستە براوەکان لە شیعە و سونە و کورد، دەتوانن پێکەوە ناوی خودای لێبێنن و حکومەت پێکبهێنن، ئێمەش پێشوازییان لێدەکەین و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێکی عەزم و ئەوانەی لەگەڵیدان ھەروەھا چوارچێوەی ھاوئاھەنگی و لەگەڵ ھێزە بچووکەکان دەبینە ئۆپۆزیسیۆن و کێشەمان نییە، ھیچ کێشەیەکمان نابێت، بەڵام گەر بێتو ھەموو کورد و ھەموو سونە و بەشێک لە شیعەکان حکومەت پێکبهێنن، ئەمە ھیچ ئینساف و دادپەروەرییەکی تێدا نییە و وا ئیعتبار دەکەین ئەوە موئامەرەیە لە دژی شیعە دەکرێت".
 
موقتەدا سەدر بە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھاوئاھەنگیی گوتووە جگە لە نووری مالیکی دەتوانن بێنە بەرەکەیەوە، بەڵام ھێشتا رازی نەبوون؛ ئەوەش وایکردووە وەکو ھەمیشە جگە لە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، سەدرییەکان شتێکی دیکە نەڵێن.
 
غالب دەعمی، ئەندامی رەوتی سەدر ئەوەی خستووەتەڕوو، "تاوەکو ئەم ساتە ھیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەنێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھاوئاھەنگی نییە، ھیچ لێکتێگەیشتنێکیش نییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ئەوەی کە دیار و روونە کە تێدەپەڕێت و ھیچ گفتوگۆیەکیش هەڵناگرێت، ئەوەیە کە سەرۆککۆمار بەربژێری پارتی دیموکرات دەبێت، سەرۆکوەزیرانیش لە حەنانە دەستنیشان دەکرێت".
 
بەپێی دەستوور، پاش ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، ماوەی 15 رۆژی لەبەردەمدایە تاوەکو کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق رابسپێرێت، تاوەکو ئەو کاتە گەر نێو ماڵی شیعە رێکنەکەون، سەدرییەکان گەر دانپێدانانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان پێبدرێت وەکو گەورەترین کوتلە ناوی سەرۆکوەزیران بە سەرۆککۆمار دەدەن.