قایمقامی بێجی: دزین و تاڵانكردنی كەرەستەكانی پاڵاوگەی بێجی دەستیپێكردووە
رووداو ـ هەولێر
قایمقامی شارۆچكەی بێجی رایگەیاند، كۆمەڵێك كەرەستە و ئامێری پاڵاوگەی بێجی دزراون، پسپۆرێكی ئابووریش هۆشداریی دەدات راوەستانی پاڵاوگەی بێجی زیانێكی زۆر بە ئابووری عێراق دەگەیێنێت.
محەممەد مەحمود، قایمقامی شارۆچكەی بێجی بە(تۆری میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "كۆمەڵێك ئامێر و كەرەستە لە پاڵاوگەی بێجی دزراون، هێزە ئەمنییەكانیش هەموو رێكارێكييان گرتوەتە بەر بۆ رێگرتن لە دزینی كەرەستەكان كە بووەتە هۆی لەكاركەوتنی پاڵاوگەكە".
هەروەها محەممەد مەحمود گوتی: "تاوەكو ئێستاش هێزە ئەمنییەكان لە چەند ناوچەیەكی پاڵاوگەكەدا ماون، ئەمەش بووەتە هۆكاری دواكەوتنی بەكارخستنەوەی".
چالاكوانان لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ژمارەیەك وێنەیان بڵاوكردووەتەوە، كە هێزەكانی حەشدی شەعبی سەرقاڵی دزین و گواستنەوەی ئامێر و كەرەستەكانی پاڵاوگەی بێجین بۆ بەغدا.
لە مانگی 10-2015 هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی پاڵاوگەی بێجیان لەدەست چەكدارانی داعش كۆنترۆڵكردەوە.
هەروەها عەبدولواحید تەها، پسپۆڕ لە كاروباری ئابووری لەمبارەیەوە بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "راوەستانی پاڵاوگەی بێجی كاریگەری نەرێنی بۆ سەر ئابووری عێراق دەبێت، چونكە پاڵاوگەكە پێویستی بە دووبارە چاككردنەوە هەیە دوای چەندین مانگ وەستانی بەهۆی پێكدادانەكان، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری عێراق هەبووه".
هەروەها هۆشداریشیدا لە ئەگەری دزینی ئامێرەكانی پاڵاوگەكە، چونكە "بڕبڕەی پشتی ئابووری عێراق و پاڵاوتنی نەوتە"، سەرەڕای بێكاربوونی چەندین دەستی كار.
مانگی 6-ی ساڵی 2014 چەكدارانی داعش بەشێكی فراوانیان لە شارۆچكە و پاڵاوگەی بێجی كۆنترۆڵكرد، رۆژی چوارشەممە 14-10-2015 هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی چەكدارانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی هۆزەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و عێراقی شارۆچكەو پاڵاوگەی بێجیان لەدەست چەكدارانی داعش كۆنترۆڵكردەوە.