ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی نوێ لە سەماوە دۆزرانەوە؛ چەندین رووفاتی ژن و منداڵی کوردیان تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی تەل شێخییە لە پارێزگای سەماوە، چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ دۆزرانەوە کە سەرجەمیان ژن و منداڵی کوردن و جلوبەرگی کوردییان لەبەرە.
رۆژی یەکشەممە، 29.12.2024، دکتۆر زیا کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ یەکەم جار رایدەگەیێنم کە لە رێگەی پێداچوونەوە و شیکردنەوەی وێنەی مانگی دەستکرد، گۆڕی بەکۆمەڵی نوێمان لە تەل شێخییە دۆزیوەتەوە."
دکتۆر زیا کەریم دەڵێت: "دووریی نێوان گۆڕەکان کەمتر لە مەترێکە، سەرجەم قوربانییەکان ژن و منداڵی کوردن و جلوبەرگی کوردییان لەبەرە و یەکدیان لەباوەش گرتووە."
لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان گوتی: "پاشماوەکان زۆر کەڵەکە کراون، لەبەرئەوەی ژن و منداڵن، ژنەکان منداڵەکانیان لە باوەش گرتووە، بۆیە کاری دەرخستنیان زۆر ئاڵۆز و قورسە، هەوڵ دەدەن کە ئێسکەکان تێکەڵ نەبن بۆ ئەوەی پشکنینی DNA بە باشی بکرێت."
ئەو گۆڕەی کە ئێستا لە تەل شێخییە کاری تێدا دەکرێت لە مانگی 5ـی ئەم ساڵ دۆزراوەتەوە، بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، "تاوەکو ئیستا 50 رووفاتیان دەرهێناوە و پێشبینی دەکەن کە 100 بۆ 150 رووفاتی دیکەی تێدا بێت."
لەبارەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی لە شنگال دەڵێت، "ئامارێکی تەواومان لەسەر شوێنە دۆزراوەکان لە شنگال یان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق نییە، بەڵام ئێستا لانیکەم 30 شوێنمان لە شنگال هەیە کە لە رۆژانی داهاتوودا کاریان لەسەر دەکرێت."
دکتۆر زیا کەریم دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە رووفاتی گۆڕەکانی تەل شێخییە، کەیسەکانی کۆمەڵکوژیی سپایکەر، کۆمەڵکوژیی بادۆش و ئێزیدییەکان لە دادپزشکی ماون کە رادەست نەکراون و پرۆسەی پشکنین و ناسینەوەی رووفاتەکان بەردەوامە."
بەپێی ئاماری یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید، لەکۆی 182 هەزار جینۆسایدکراوی تاوانی ئەنفال و 8 هەزاری بارزانییەکان و دەیان هەزار لە کوردانی فەیلی، تەنیا هەزار و 974 رووفاتی ئەنفالکراو کە دەکاتە 1٪ـی ژمارەی ئەنفالکراوان و رووفاتی 696 جینۆسایدکراوی بارزانییەکان گەڕێندراونەتەوە کە دەکاتە کەمتر لە 9٪ـی ژمارەی جینۆسایدکراوانی ئەو تاوانە.
یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید دەڵێت: "لەو 301 گۆڕە بەکۆمەڵەی سەردەمی بەعس کە لە عێراق دۆزراونەتەوە زیاتر لە 80٪یان گۆڕی بەکۆمەڵ و رووفاتی کوردن."