96 هاووڵاتیى عێراقیی نیشتەجێی سووریا لە ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕانەوە

29-12-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دووەم کاروانى هاووڵاتییانى عێراقى لە سووریا لەڕێگەى دەروازەى ئیبراهیم خەلیلى هەرێمى کوردستانەوە گەڕانەوە کە 96 کەس بوون. گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت: "بەر لەوەى دەربازى ئەو خاڵە سنوورییە بن، وردبینى ئەمنییان بۆ کراوە." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـى کانوونى یەکەمى 2024، عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: ئەمڕۆ 96 هاووڵاتیى عێراقى کە لە سووریا بوون، لە خاکى تورکیاوە و لەڕێگەى دەروازەى ئیبراهیم خەلیلى هەرێمى کوردستانەوە گەڕانەوە.
 
بە گوتەى عەلى جەهانگیر، ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە لە شارەکانى گرێسپى و سەرێکانی رۆژئاواى کوردستان و ئیدلب و عەزازى سووریا بوون و زۆرینەیان خەڵکى سنوورى پارێزگاى نەینەوا بوون.
 
دواى رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا، ئەوە دووەم کاروانى هاووڵاتییانى عێراقە کە لە سنوورى ئیبراهیم خەلیلەوە بگەڕێنەوە. پێشتر لە 26ـی کانوونی یەکەم، 126 هاووڵاتیی دیکەى عێراقی بە هەمان رێگە لە سووریاوە گەڕابوونەوە.
 
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەى دەگەڕێنەوە، لە خێوەتگەیەکى سەر سنوورى سووریا و تورکیا کۆدەکرێنەوە و دواتر لە رێگەى باڵیۆزخانەى عێراق لە ئەنقەرە ناوەکانیان دەنێردرێن بۆ ئەوەى لەلایەن هەرێمى کوردستان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراقەوە وردبینیى ئەمنییان بۆ بکرێت، پاشان رێگەیان پێبدرێت دەربازى دەروازەى سنووریى ئبیراهیم خەلیل ببن.
 
عەلى جەهانگیر گوتى: "ئەو هاووڵاتییانە راستەوخۆ و بەبێ وەستان دەبرێنە دەروازەى پردى موسڵ لە نەینەوا و لەوێش لەڕووی ئەمنییەوە لەو هاووڵاتییانە دڵنیا دەبنەوە، بەرلەوەى رێگەیان پێبدرێت بچنە پارێزگاکەوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە