وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 2103 ئەفسەر و کارمەند بەهۆی گەندەڵی و بەرتیل دەرکراون

29-12-2024
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، دوو هەزار و 103 کارمەند و ئەفسەر بەهۆی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لە وەزارەت دەرکراون و سێ هەزار و 160 ئەفسەر و کارمەندی دیکەش خانەنشین کران. دەشڵێت 11 بازرگانی گەورەی مادەی هۆشبەریان کوشتووە. 

رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوایین کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ئەمساڵی لەبارەی چالاکییەکانی وەزارەتی ناوخۆ کرد و ئاماری وردیشی بۆ رۆژنامەڤانان بڵاوکردەوە. رایگەیاند، وەزارەتەکەیان پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ پاراستنی هەموو جۆرە ئاهەنگ و چالاکییەکی خۆشی لە شەوی سەری ساڵدا و گوتی، هەر کەسێک پێچەوانەی یاسا رەفتار بکات و تەقەی خۆشی بکات بە تووندی سزا دەدرێت. 
 
عەمید میقداد میری ئاماری گەندەڵییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەکەمان 14 هەزار و 797 کەیسی گەندەڵی لە دژی ئەندام و ئەفسەرەکان جووڵاندووە و 7164 بڕیاری حوکم دراوە. بەهۆیەوە 2103 ئەفسەر و کارمەند دەرکراون. 190 ئەفسەر و کارمەندیش بەپێی یاسا خانەنشین کران. 3160 ئەفسەر و کارمەند بەپێی مادەی 41ـی یاسای ژمارە 14ـی سزادانی کارمەندانی ناوخۆ بۆ ساڵی 2008 بەزۆر خانەنشین کران. بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆ و ئاسایش 8399 حاڵەتی بەرتیل وەرگرتنی کارمەندان و ئەفسەرانی تۆمارکرد. 15 هەزار و 846 زانیاری گەیاندە نووسینگەی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت.
 
لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر ئەنجامدراوە رایگەیاند، 626 تۆڕی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر هەڵوەشێندران کە 57یان نێودەوڵەتیی بوون. 148 فەرمانی لەسێدارەدان و 587 فەرمانی زیندانی تاهەتایی دەرچوو. 100 سەگی مەشق و راهێنان K9 بۆ ئاشکراکردنی مادە هۆشبەرەکان دابینکراوە و 409 چالاکیی ئەمنییان رێکخستووە. 
 
بەگوتەی میقداد میری، لە 2024دا 13 هەزار و 842 تۆمەتبار دەستگیرکران و ژمارەی سزادراوەکان هەشت و 400 کەس بوون. 1267 چەک دەستیان بەسەرداگیراوە و 11 بازرگانیان کوشت و 32 بازرگان برینداربوون. لە بەرامبەردا سێ کارمەندیان کوژران و 31 کارمەندی دیکەیان بریندار بوو. هەروەها 16 ناوەندی چارەسەرکردنی ئاڵودەبوونیان دامەزراند. 
 
لەبارەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ، باسی لەوەکرد یەک ملیۆن و 125 هەزار و 16 مۆڵەتی لێخوڕین و یەک ملیۆن 329 هەزار و 974 تابلۆیان بە ئۆتۆمبێلداوە. بۆ هەزە-ش 936 هەزار و شەش لەزگەی تاقیکردنەوەی تۆکمەییان بە ئۆتۆمبێلەکان بەخشیوە. 
 
راشیگەیاند، سێ ملیۆن و 163 هەزار و 247 سزای هاتوچۆ تۆمارکراوە. بەراورد بە 2023 رێژەی سزاکان بەرێژەی 17٪ کەمبووەتەوە. داهاتی ئەم ساڵەیان 486 ملیار دینار بوو. ژمارەی رووداوەکانی هاتوچۆ 4948 رووداو بووە. بەراورد بە 2023 بە رێژەی 30٪ کەمیکردووە. 873 کەس گیانیان لەدەستداوە بەراورد بە 2023 بەرێژەی 37٪ کەمیکردووە.      
 
جەختی لەوەشکردەوە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان 19 ناوەندی کارتی نیشتمانی و 6 ناوەندی دیکەش لە دەرەوەی وڵات بۆ رەوەندی عێراق دامەزراندووە. جەختی لەوەشکردەوە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی لە سەرجەم باڵیۆزخانەکانی عێراق دادەمەزرێت. 
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، پەیامنێری رووداو پرسیاری لەبارەی بوونی سەرکردەی سووریایی لە عێراق لە میری کرد کە گوایە لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە داواکراون. لە وەڵامدا گوتی: "هیچ داواکاییەکمان لەوبارەیەوە پێنەگەیشتووە و هەرکات پێمان بگات رایدەگەیێنین، بەهیچ شێوەیەک هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە لەبارەى بوونى سەرکردەکانى رژێمى پێشوى سووریا لە عێراق."  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە