رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 20 رۆژ لە راگرتنی، سبەی گەشتی ئاسمانیی نێوان لوبنان و عێراق دەستپێدەکاتەوە و کاروانێکی دیکەی پەنابەرانی لوبنانی دەگەڕێنەوە.
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-12-202) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سبەی گەشتی ئاسمانیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ لوبنان دەستپێدەکاتەوە".
مەیسەم سافی گوتی: "سبەی کاروانێکی دیکەی هاووڵاتییە لوبنانییەکان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بێ بەرامبەر، دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان".
پێشتر هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە دوو گەشتی ئاسمانیدا نزیکەی 300 لوبنانی گەڕاندبووەوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو "تاوەکو ئێستا بە رێگەی وشکانی و ئاسمانی، زیاتر لە 5 هەزار لوبنانی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان".
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریاوە، سنووری ئاسمانی و وشکانی داخراوە، بۆیە پرۆسەی گەڕانەوەیان بە فەرمی وەستاوە.
عەلی عەباس گوتی "زیاتر لە 20 هەزار لوبنانی لە عێراق دا ماون و زۆربەیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی داخستنی سنوورەوە ناتوانن".
لەدوای رووداوەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو و دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حیزبوڵڵای لوبنانیش دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد.
ئیسرائیل لە 23ـی ئەیلوولدا بۆردوومانکردنی باشووری لوبنانی بە چڕی دەستپێکرد، دواتریش دەستی بە هێرشی زەوینی کرد. بەهۆیەوە هەزاران لوبنانی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت کە بەشێک لەوان روویان لە عێراق کرد.
لە 27ـی تشرینى دووەمى 2024، ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە فەرمى کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و پرۆسەی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی لوبنانی دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ