پاسەوانی سنووری عێراق: دەروازەی سنووریی قائیم لە ئەنبار بەتەواوی داخراوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای کرانەوەیەکی سنووردار، جارێکی دیکە دەروازەی سنووریی قائیم داخرایەوە و جموجۆڵ تێیدا وەستا.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024) عەقید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەدوای رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا، دەروازەی سنووریی قائیم داخرا. چەند رۆژێک دواتر بڕیاردرا تەنیا رێگە بە جموجۆڵی مرۆیی و تێپەڕبوونی بارهەڵگرە گیرخواردووەکانی نێوان هەردوو وڵات بدرێت؛ بەڵام ئێستا کە هیچ دۆخێکی لەو دوو جۆرە نەماوە، دەروازەکە داخراوەتەوە."
عەقید حەیدەر کەرخی دەڵێت "هەر لە دەروازەی قائیمەوە چەندین خێزانی عێراقی کە لەنێو سووریادا گیریان خواردبوو، گەڕێندرانەوە، دەزانین هاووڵاتییان پرسیار لە هۆکاری داخستنەوەی دەکەن. لە کاتی گونجاودا دەکرێتەوە."
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە. دەروازەی قائیمیش بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت. دەروازەکە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور.
رۆژی 10ـی ئەم مانگە، تورکی محەممەد خەلەف، قایمقامی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بە رووداوی گوتبوو "لە ئەمڕۆوە رێگە دەدرێت هاووڵاتییانی عێراقی نێو سووریا و سووریاییەکانی نێو عێراق لە دەروازەی سنووریی قائیمەوە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان."
داخرانی دەروازەکە لە کاتێکدایە، دواى 53 ساڵ حوکمڕانى، رۆژی 8ـی ئەم مانگە دەسەڵاتی بنەماڵەی بەشار ئەسەد کۆتایی پێهێندرا.