لیستی 10 ژن کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق زۆرترین دەنگیان هێناوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەو 10 ژنەی زۆرترین دەنگیان هەیە، لەو لیستانەن کە شیعەن، دوو ژنە بەربژێری کوردیش لەو 10 ژنەن، کە زۆرترین دەنگیان هێناوە. هەروەها لە کۆی 75 بەربژێری دەرچووی ژن، 17یان بەبێ کۆتا سەرکەوتن.
 
چوارشەممە 28-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی راگەیاند، بەپێی ئەنجامەکان لەنێو کۆی ئەو ژنانەی خۆیان بەربژێر کردبوو، لەیال محەممەد عەتۆ، لە لیستی حەدبای وەتەنی لە نەینەوا زۆرترین دەنگی هێناوە، کە 9 هەزار و 981 دەنگ بووە.
 
هەر بەپێی ئەنجامەکان لە کۆی ئەو 10 بەربژێرەی زۆرترین دەنگیان هێناوە، دووانیان کوردن، ئەوانیش ئێریڤان مەهدی عەلۆ بەربژێری پارتی لە نەینەوا، 6517 دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها پەروین فاتح جەباری بەربژێری یەکێتی لە کەرکووک 5842 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
ئەو 10 ژنەی زۆرترین دەنگیان ‌‌هێناوە:
 
ئەو ژنانەی بەبێ کۆتا سەرکەوتن
 
لە کۆی نزیکەی 6000 بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، زیاتر لە 1600 ئافرەت کێبڕکێیان لەسەر 75 کورسی کۆتای ئافرەتان دەکرد، بەڵام لەو 75 بەربژێرە سەرکەوتووە، تەنیا 17 بەربژێریان بە دەنگی خۆیان دەرچوون، کە بەمشێوەیەیە:
 
نەینەوا:
بەپێی ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆن رایگەیاندوون، لە نەینەوا 7 ئافرەت دەرچوون، چوار لەو ئافرەتانە بە دەنگی خۆیان بەبێ کۆتا دەرچوون، ئەوانیش سارا موید جبووری، لە هاوپەیمانیی نەینەوا لیئەهلیها، هەدیل غەدیر لە هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنی لە نەینەوا دەنگی یەکەمی لیستەکەی بەدەستهێناوە، کە 7,511 دەنگ بووە. ساجیدە محەممەد یونس بەربژێری لیستی تەقەدووم کە دووەمی لیستەکەیەتی و 4,356 دەنگی بەدەستهێناوە. هەروەها لەیال محەممەد عەتۆ، بەربژێری لیستی حەدبای وەتەنی لە نەینەوا، دەنگی یەکەمی لیستەکەی هێناوە، کە 9,981 دەنگ بووە.
 
کەرکووک:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 ئەندامە، چوار ئەندامی بۆ کۆتای ژنان دانراوە، لەو هەڵبژاردنەدا تەنیا یەک ئافرەت بە دەنگی خۆی کورسی مسۆگەر کردووە، ئەویش: پەروین فاتح جەباری، بەربژێری لیستی یەکێتی لە کەرکووک، کە 5,842 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
ئەنبار:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار 16 ئەندامە، چوار ئەندامی بۆ کۆتای ژنان دانراوە. لەو هەڵبژاردنەدا هەر چوار ئافرەتەکە بە کۆتا دەرچوون.
 
بەسرە:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار 23 ئەندامە، شەش ئەندامی بۆ کۆتای ژنان دانراوە. بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن هەر شەش بەربژێرە ئافرەتەکە بە کۆتا سەرکەوتن.
 
دیوانیە:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە 14 ئەندامە، چوار ئەندامی بۆ کۆتای ژنان دانراوە. بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن تەنیا سوندس حەمزە موسەوی بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی نەبنی بە دەنگی خۆی سەرکەوتووە و  7,541 دەنگی بەدەستهێناوە. سێ بەربژێرەکەی دیکە بە کۆتا سەرکەوتوون.
 
موسەننا:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای موسەننا 12 ئەندامە، سێ ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە. لەو پارێزگایەدا تەنیا زەینەب محەممەد حەسەن، بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بە بەدەستهێنانی 5,627 دەنگ بەبێ کۆتا سەرکەوتووە.
 
نەجەف:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف 15 ئەندامە، چوار ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکە، هیچ کام لە بەربژێرە ئافرەتەکان بە دەنگی خۆیان دەرنەچوون،
 
بابل:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل 18 ئەندامە و پێنج ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە. لەو هەڵبژاردنە تەنیا خەولە عەتشان تائی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی نەبنی بە 6,465 دەنگ، بەبێ ئەوەی پێویستی بە کۆتا بێت، دەرچووە.
 
بەغدا:
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقدا، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا زۆرترین ئەندامی هەیە، کە 52 ئەندامە، 13ی بۆ کۆتای ژنانە و 3 کورسیشی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە. 
 
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، لە کۆی ئەو 13 ئافرەتە، تەنیا چوار ئافرەت بە دەنگی خۆیان دەرچوون، ئەوانیش سوندس جاسم نسەیف عوبەیدی، بەربژێری لیستی دەوڵەتی یاسا، کە 6,511 دەنگی هێناوە. عولا حوسێن تەمیمی، بەربژێری هاوپەیمانیی قیوەی دەولەی وەتەنی، کە 5,625 دەنگی هێناوە، هودا جەلیل عەبودی لە هەمان لیستەکەی عولا، 2,489 دەنگی هێناوە. رەنا عەبد جبووری، بەربژێری لیستی عەزمی عێراقی، 2407 دەنگی هێناوە. 
 
دیالە:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە 15 ئەندامە و چوار ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە. لەو چوار ئافرەتە، هەر یەک لە فەرقەد سەعدوون روبەیعی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی دیالەتونا بە بەدەستهێنانی 8,146 دەنگ و رەشیدە زەید داینی لە هاوپەیمانیی سیادە بە بەدەستهێنانی 5756 دەنگ بەبێ کۆتا دەرچوون.
 
زیقار: 
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە 18 ئەندامە و پێنج ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە. لەو هەڵبژاردنەدا هەر یەک لە هەدیە جاسم جەمیعان، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی نەبنی بە بەدەستهێنانی 8,912 دەنگ و زەینەب شەهید جاسم ئەسەدی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە بەدەستهێنانی 4384 دەنگ و رەواسی کەریم عابد لە هەمان لیست بە 4161 دەنگ بەبێ کۆتا دەرچوون.
 
سەلاحەدین:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین 15 ئەندامە و چوار ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکە، هەر چوار  ئافرەتەکە بە کۆتا دەرچوون.
 
کەربەلا: 
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا 13 ئەندامە و چوار ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە، بەڵام هیچ کام لە بەربژێرە ئافرەتەکان بە دەنگی خۆیان دەرنەچوون.
 
میسان:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان 14 ئەندامە و چوار ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە و یەک کورسیش بۆ کۆتای سابیئەی مەندائی بووە، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکە، هەر چوار ئافرەتەکە بە کۆتا دەرچوون. 
 
واست:
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای واست 15 ئەندامە و چوار ئەندامی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتای ژنان دانراوە و کورسییەکیش بۆ کۆتای فەیلی بووە، لە واستیش بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکە، هەر چوار ئافرەتەکە بە کۆتا دەرچوون.