مامۆستایانی ئایینی و بەشێک لە خەڵکی بەغدا داوای سزادانی موفتیی عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی مەهدی سومەیدەعی، ناسراو بە موفتیی عێراق بڵاوبووەوە و تێیدا مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، زانای ئایینی نێوداری کوردی بە "پیاوی حکومەتی بەعس" تۆمەتبار کرد، زانایانی سووننە توڕەن و داوای لێپێچینەوە و دوورخستنەوەی لە مزگەوت و گوتاردان دەکەن.
شێخ مستەفا بەیاتی، گوتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی ئەنبیایە، دەڵێت: "شۆک بووین بە زێدەڕۆیی کەسێک بەناوی مەهدی سومەیدەعی کە دەستدرێژی کردووەتە سەر پیرۆزییەکانی موسڵمانان و سەرپێچیی یاسای کردووە.. لە مزگەوتی شێخ مەعرووفی کەرخی کۆبووینەوە و راگەیێندراوێکمان دەرکرد، داوامان لە حکومەت کرد ناوبراو بدرێتە دادگە، چونکە لە یاسای عێراق هەر کەسێک قسە بە هێما ئایینییەکان بڵێت، وەک تاوانبار هەژمار دەکرێت."
کاردانەوەی قسەکانی سومەیدەعی تەنیا لەنێو مامۆستایانی ئایینی نەبوو، بەڵکو زۆرینەی سوننەی نیگەران کرد و داوا دەکەن رێز لە پایە و ماندووبوونی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بگیرێت.
ئەحمەد محەممەد، هاووڵاتییەکی سوننە مەزهەبی بەغدایە، گوتی: "ئەوەی ئێمە دەزانین لەبارەی عەبدولکەریمی مودەڕیس ئەوەیە کە ئەو مەرجەعی یەکەمی سوننەکان بوو لە عێراق، ئەوەی بەرامبەری کرا شایەنی نەبوو، ئەو مامۆستای یەکەم و کۆتایی بوو."
ئیبراهیم ئەعزەمی، هاووڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەو زانایە تەمەنی لە زانستدا بەسەربرد، تەمەنی لە خوێندنی ئایینی و لای موریدەکان و زانایان سەرفکرد، کاتێک ئەو قسەیەک دەکات، دەزانێت چ قسەیەک دەکات."
ئیحسان عەلی بەهەمان شێوە دانیشتووی بەغدایە، دەڵێت: "ئەو [مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس] لە زاناکانی بەغدایە، پیاوێکە ژیاننامەی گوڵاوە، کۆتایی ژیانی میسک بووە، یەکێکە لە زاناکانی بەغدا و پیاو چاک بووە، پایەیەکی بەرزی هەیە، ناتوانین لێرە هەموو وردەکاریی ژیانی لێرە باس بکەین."
مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس تەفسیری قورئان و زیاتر لە 60 پەرتووکی ئایینی، وێژەیی و کۆمەڵایەتی نووسیوە، مودەڕیس لە تەمەنی 104 ساڵیدا و لە 2005/08/30 لە بەغدا کۆچی دواییکرد.
بەهۆی شارەزایی و لێهاتووی و پلە زانستییەکەی لە شەریعەتی ئیسلامی، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس نازناوی شافعیی بچووکی پێدرابوو.