رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگاى میسان 11 کەسی لەسەر ئەو شەڕە دەستگیرکرد کە لەنێوان دوو تیرەى هۆزێکى ئەو پارێزگایە روویدا و بەهۆیەوە حەوت کەس کوژران.
رۆژی پێنجشەممە، 29ى کانوونى یەکەمى 2022، سەرچاوەیەکى بەرپرس لە پۆلیسی پارێزگاى میسان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 11 کەس لە ناحیەى سەلام لەو پارێزگایە دەستگیرکران کە تۆمەتبارن بەوەى دەستیان هەبووە لە شەڕى نێوان دوو تیرەکەى میسان.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشى: "دەستگیرکراوەکان لە هەردوو بەرەکەى ناکۆکیى دوو تیرەکەن و لە دواى رووداوەکە، پۆلیس گەمارۆی ناحیەکەى داوە بۆ دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى ئەو رووداوە".
ئێوارەی رۆژی 28ى کانوونى یەکەمى 2022، لە ناوچەیەکی ناحیەی سەلام لە قەزای مەیموونە لە رۆژهەڵاتی پارێزگای میسان، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوو تیرەی ئەلبوکەریم و ئەلبوغانمى سەر بە هۆزی ئال زرێرج دروستبوو؛ تێیدا چەکی سووک و مامناوەند بەکارهات، بەهۆیەوە حەوت کەس کوژران و دوو کەسی دیکەیش بریندار بوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى پۆلیسی میسان، تێکڕاى ژمارەى ئەو کەسانەى کە بەهۆى ئەو رووداوەوە دەستگیرکراون، گەیشتوونەتە 14 کەس و دەستیشگیراوە بەسەر چەندین پارچە چەکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ