رووداو دیجیتاڵ
لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى یاسایی دژى مستەفا موخیف، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق تۆمار کرا بە پاساوی ئەوەی وەرگرتنى پۆستەکەى نایاسایی بووە و ئەو ئەرکەى لە پسپۆڕیى خۆیدا نییە. سکاڵاکارەکە پارێزەرى تایبەتى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقە.
سکاڵاکە لە 28ى کانوونى یەکەمى 2022 لەلایەن پارێزەر محەممەد ساعیدى تۆمار کراوە، کە هاوکات پارێزەرى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراقە و تێیدا داواى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى راسپاردنى مستەفا موخیف دەکات لە بەڕێوەبردنى پۆستى پارێزگارى بانکى ناوەندى، کە لە 14ى ئەیلوولى 2020 بەگوێرەى فەرمانێکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لەو پۆستە دانراوە.
پاساوى سکاڵاکار ئەوەیە کە بەگوێرەى یاسای بانکى ناوەندى، پێویستە پارێزگارى ئەو بانکە پسپۆڕیى لە بوارى دارایی و ئابووریدا هەبێت، بەڵام پارێزگارى ئێستاى بانکەکە پسپۆڕیى لە یاسادا هەیە.
مستەفا موخیف ساڵى 1999 بڕوانامەى بەکالۆریۆسی لە یاسا بەدەستهێناوە، ساڵى 2000 بۆ 2001 بڕوانامەى دبلۆمى لە بوارى بەڕێوەبردندا بەدەستهێناوە، ساڵى 2019 بووەتە خاوەنى بڕوانامەى ماستەر لە یاسا.
29ى کانوونى یەکەمى 2022 ئەحمەد مازن مەکیە، کە پارێزەرى بریکارە لەو سکاڵایەی پێشکێشی دادگەى باڵاى فیدراڵى کراوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سکاڵاکە لەسەر سەرۆکوەزیرانە لەڕووى مەعنەوى نەک کەسیی خۆى، کە مەبەست لێى ئەنجوومەنى وەزیرانە کە پێشتر بڕیارى راسپاردنى بۆ مستەفا موخیف دەرکردووە." گوتیشى، "دەبوو پارێزگارى بانکى ناوەندى بەگوێرەى یاسای بانکەکە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە پێشنیاز بکرایە بۆ پەرلەمان و لەوێ دەنگى لەسەر بدرایە، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنراوە."
ئەو سکاڵایە لە کاتێکدایە، بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە دابەزیوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 80 پەرلەمانتارى عێراق داواکارییەکیان پێشکێشی سەرۆکایەتیى پەرلەمان کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەو پرسە و میوانداریکردنى مستەفا موخیف، پارێزگارى بانکى ناوەندى.
ئەحمەد مازن مەکیە دەڵێت، "رێوشوێنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى بەهۆى پشووەکانى سەرى ساڵەوە راگیراون و لە ماوەى 15 رۆژ دواى تەواوبوونى رێوشوێنەکان لایەنى سکاڵالێکراو ئاگادار دەکرێتەوە، دواتر وادەى کۆبوونەوەى دادگەى باڵاى فیدراڵى دیاریدەکرێت بۆ تاوتوێکردنى ئەو دۆسیەیە، کە رەنگە بکەوێتە مانگى کانوونى دووەمى 2023".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ