لە میسان لە شەڕی نێوان دوو تیرەی هۆزێکدا حەوت کەس دەکوژرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە، شەڕێکی تووند لەنێوان دوو تیرەی هۆزێکی پارێزگای میسان روویدا. گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگاکەش رایگەیاند، حەوت تەرم گەیێندراونەتە دادپزیشکی میسان.
 
ئێوارەی رۆژی 28-12-2022 لە ناوچەیەکی ناحیەی سەلام لە قەزای مەیموونە لە رۆژهەڵاتی پارێزگای میسان، شەڕ و پێکدادانێکی سەختی هۆزایەتی روویدا. شەڕەکە لەنێو هۆزی ئال زرێرج دروستبووە لەنێوان تیرەی ئەلبوکەریم و ئەلبوغانم؛ تێیدا چەکی سووک و مامناوەند بەکارهاتووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-12-2022، محەممەد کینانی، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای میسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی شەڕەکەوە، حەوت [کەس کوژراون] و تەرمەکانیان گەیێندراونەتە دادپزیشکی میسان. هەروەها دوو برینداریش لە نەخۆشخانەی شەهید سەدر چارەسەریان بۆ دەکرێت."
 
گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای میسان ئاماژەی بەوەش دا، شەڕەکە کاژێر 06:00ی ئێوارەی چوارشەممە روویداوە، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە، کاژێر 09:00ی شەو هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ دادپزیشکیی میسان.
 
درەنگی شەوی رابردووش، پۆلیسی پارێزگای میسان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزێکی ئەمنی لە پۆلیسی میسان و سوپای عێراق گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە. بازنەیەکی ئەمنییان دروستکردووە. شەڕەکەش لەنێوان ئەندامانی یەک هۆز روویداوە لە دەوروبەری ناحیەی سەلام-ی سەر بە قەزای مەیموونە.
 
پۆلیسی پارێزگای میسان دەڵێت، هێزەکانیان هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان دەستپێکردووە و چوار تۆمەتباری شەڕەکەیان دەستگیر کردووە. دەستیشیان بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. بە گوتەی پۆلیس ئەو ناوچەی شەڕەکە تێیدا روویداوە، دوورەدەستە و گەیشتنی هێزەکان بە ناوچەکە سەختە.