عێراق و ئیسپانیا رێککەوتن دوو هێڵى شەمەندەفەر لە ئێرانەوە رابکێشن
رووداو دیجیتاڵ
عێراق و ئیسپانیا حەوت یاداشتى لێکتێگەیشتن و هاریکارى واژۆ دەکەن، رێککەوتنەکان راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لە ئێرانەوە دەگرێتەوە.
واژۆکردنى ئەو یاداشتانە لە چوارچێوەى سەردانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بوو بۆ ئیسپانیا کە 28ى تشرینى دووەمى 2024 کردی.
لە گوتارێکدا لە دیدارى ئابووریی عێراقى - ئیسپانی لە مەدرید، محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئیسپانى رێککەوتون بۆ راکێشانى هێڵى ئاسنین لە نێوان کۆمارى ئیسلامیى ئێران و پارێزگاى بەسرە.
یەکێک لەو یاداشتانەى بۆ هاریکارى واژۆکرا، لە نێوان پارێزگاى واست و کۆمپانیاى ئیماتیاى ئیسپانیایە بۆ راکێشانى هێڵى ئاسنین لە میهرانی کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە بۆ ئەو شارە و لەوێشەوە بۆ شارى کەربەلا.
یاداشتەکانى دیکە کە واژۆ کراون، تایبەتن بە ئاڵوگۆڕى یاسایی، گەرەنتى سەروەرى، لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو ژوورى بازرگانیى عێراق و ئیسپانیا، دەستەى دەستپاکیی عێراق و داواکارى گشتیى ئیسپانیا، یەکێتیى پیشەسازیى عێراق و یەکێتیى ئیسپانیا بۆ رێکخستنى کارى کۆمپانیاکان، هەروەها یاداشتى لێکتێگەیشتنى نێوان وەزارەتى ناوخۆى هەردوولا.
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند، عێراق رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەھێنێت و قەبارەى وەبەرهێنانى بیانی گەیشتووەتە 62 ملیار دۆلار.