بەڕێوەبەری ئۆنەر لە عێراق: 10 چرکە جارێک مۆبایلمان لە عێراق دەفرۆشرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئۆنەر دەڵێت، رۆڵیان هەبووە لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و ئامێرەکانیان بەرگەی پلەی گەرمای زیاتر دەگرن وەک لە رکابەرەکانیان.
شەوی پێنجشەممە 28-11-2024، دیبۆ ژانگ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئۆنەر لە عێراق میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 22:30ـی رووداو بوو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشكێشی کرد و رایگەیاند، رۆڵمان لە سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە.
ژانگ دەڵێت، بەپێی ئامارەکان دەرکەوتووە کە ملیۆنێک دانیشتووی عێراق مۆبایلی ئۆنەریان هەیە. ئەوەش واتە لە هەر 10 چرکە جارێک مۆبایلێکی ئۆنەر فرۆشراوە لە عێراق.
دیبۆ ژانگ دەڵێت، ئەوان هیوای زۆریان بە داهاتووی عێراق هەیە، چونکە لە رێگەی پڕۆژەی فاوی گەورەوە، دەتوانن سوودی گەورە لە مامەڵە و گواستنەوەی کاڵا لە نێوان چین و عێراق ببینن.
ژانگ گوتیشی، هۆکاری هەڵبژاردنی تابلێتەکانی ئۆنەر لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ سەرژمێری ئەوەیە کە ئامێرەکانی ئەوان دەتوانن لەو کەشوهەوایە گەرمەی عێراق بەرگە بگرن. ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمەکانی ئۆنەر بەرگەی پلەی گەرمیی 7 پلە زیاتر دەگرن بەراورد بە ئامێرەکانی رکابەرەکانیان، جگە لەوەی کە پاتریی بەرهەمەکانیان بەرگەی کارکردنی زیاتر دەگرێت.
کۆمپانیای ئۆنەر مۆبایلێکی نوێی زیرەکی راگەیاند بە ناوی "X9c سماڕت" و وەشانێکی نوێی هەمان جۆری پێشوویەتی کە X9bـیە.
لەبارەی بەرهەمە نوێکەیان دیبۆ ژانگ دەڵێت، هێزی پاترییەکەی 7200ـە و بەشی ئەوە دەکات سێ رۆژ بەبێ بارگاویکردن بەکاربهێندرێت.
ژانگ دەڵێت، مۆبایلە نوێیەکە دیارترین تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەوەیە کە دژی شوخت، شکانە و ژیریی دەستکردیشی تێدا بەکارهاتووە؛ بۆ نموونە ئەگەر وێنە یان ڤیدیۆیەک بگریت و بتەوێت شت و کەسانی دیکە لابدەی، ئەوە تەنیا بە دەستلێدان دەکرێت.
گوتیشی، مۆبایلەکە بۆ ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە. نرخەکەشی نزیکەی 270 دۆلار دەبێت.
هەروەها مۆبایلەکە تەنیشتەکانیشی چەماوە دەبن و وەک ئەوە دەبێت کە راستەوخۆ سەیری شاشەکەی بکەیت.
مۆبایلە نوێیەکە کامێرایەکی سەرەکیی 108 مێگاپێکسڵی دەبێت و لێنزەکەشی OIS و 5 مێگاپێکسڵ دەبێت.
بڕیارە ئەو مۆبایلە نوێیە رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو کاژێر 8ـی شەو لە مالیزیا نمایش بکرێت.
بڕیاریشە بە دوو رەنگ بەردەست بێت، سپی و شینی کاڵ.