راپۆرتى بەڕێوەبردنى دەوڵەت: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025 دەکرێت

29-11-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى راپۆرتێک کە هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ گفتوگۆ ئامادەى کردووە، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە تشرینى یەکەمى داهاتوو ئەنجام دەدرێت و هەڵبژاردنى پەرلەمانیش لە کۆتایی ئەم خولە دەبێت و بازنەکانى دەنگدانیش دەگۆڕدرێن.
 
رۆژی 28ى تشرینى دووەمى 2022، بەرپرس و نوێنەرانى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە بەغدا کۆبوونەوە. بەگوێرەى راگەیێندراوى کۆبوونەوەکە، یەکێک لە تەوەرەکانى بریتی بووە لە تاوتوێکردنى راپۆرتێک لەبارەى هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق.
 
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە رۆژی، 29-11-2022، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەو راپۆرتەی هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا پێشنیازى ئەوە کراوە کە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 10ى تشرینى یەکەمى ساڵی 2023 بکرێت و هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانیش لە کۆتایی ئەم خولەدا بکرێت، نەوەک ئەوەی هەڵبژاردنى پێشوەخت بکرێت".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى محەممەد شیاع سودانى کە لە 27 تشرینى یەکەمى 2022 دەنگى پێدرا، ئاماژە بەوە دراوە پڕۆژەیاسای هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان لە سێ مانگدا ئامادە دەکەن و لە ساڵێکدا هەڵبژاردنى پێشوەختى پەرلەمانى عێراق دەکرێت و، پاڵپشتیى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
 
بەگوێرەى کارنامەکە، پێداچوونەوە بە یاسای ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکەن لەپێناو زیادکردنی تواناى ئەو ئەنجوومەنە وەک ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
 
هەر لەوبارەوە عارف حەمامی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا رۆژی، 28-11-2022، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێشنیازکردنى بەردەوامبوونى ئەم خولەى پەرلەمان لەو راپۆرتەدا پەیوەندیى بەوەوە هەیە کە قۆناخەکە هەستیارە. ئەم حکومەتە ساڵێک تەمەنى بەفیڕۆچووە".
 
عارف حەمامى گوتیشى: "پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت گفتوگۆ لەسەر ئەو راپۆرتە و پێشنیازەکانى نێوی دەکەن تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک کە جێگەى رەزامەندى هەموولایەک بێت، بەرلەوەى بنێردرێتە پەرلەمان".
 
10ى تشرینى یەکەمى 2021، هەڵبژاردنى پێشوەخت لە عێراق کرا. بەوپێیە بێت کۆتایی ئەم خولەى پەرلەمان دەکەوێتە ساڵى 2025، لەکاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە ساڵى 2013 کرا و لەساڵى 2019 بە بڕیارى پەرلەمان ئەو ئەنجوومەنانە هەڵوەشانەوە.
 
ئەحمەد عیساوى دەڵێت، یەکێک لە پێشنیازەکان لەو راپۆرتەدا ئەوەیە کە سیستمى فرەبازنەیی نێو پارێزگەکان نەمێنێت و سیستمى یەک بازنەیی بۆ هەر پارێزگایەک بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق جێبەجێ بکرێت.
 
لە هەڵبژاردنى رابردووى پەرلەمانى عێراقدا سیستمێکی نوێ بەکارهێندرا و عێراق کرایە 83 بازنە کە هەر پارێزگایەک لە چەند بازنەیەک پێکدەهات، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانى رابردوودا هەر پارێزگەیەک یەک بازنە بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.