وەزارەتی پەروەردەی عێراق: هەر پۆلێکی قوتابخانە هەفتانە یەک رۆژ دەوام دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2020، یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021ـە لە عێراق و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام بەهۆی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، ئەمساڵی خوێندن بە کۆمەڵێک مەرج دەستپێدەکات و وەکو ساڵانی پێشوو نابێت.
بەپێی مەرجەکان، دەبێت قوتابیانی هەر پۆلێکی خوێندن لە هەفتەیەکدا یەک رۆژ لە قوتابخانە دەوام بکەن، بۆ پێداچوونەوە بەو وانانەی کە بە درێژایی هەفتەکە بە شێوازی ئەلیکترۆنی یان ئۆنلاین و لەڕێگەی تەلەڤیزیۆنی پەروەردەوە خوێندوویانە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، سەبارەت بە شێوازی دەوامکردن لە ساڵی نوێی خوێندن، رایگەیاند "بۆ قۆناخی سه‌ره‌تایی، رۆژی شه‌ممه بۆ پۆلی یه‌ک دەبێت، یه‌كشه‌ممه بۆ پۆلی دوو، دووشه‌ممه بۆ پۆلی سێ، سێشه‌ممه بۆ پۆلی چوار، چوارشه‌ممه بۆ پۆلی پێنج و پێنجشه‌ممه بۆ پۆلی شه‌ش دانراوه تاوەکو لەنێو قوتابخانەکان بخوێنن. بۆ قۆناخەکانی ناوەندی و دواناوەندی به هه‌مان شێوه دەبێت. سەبارەت بە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەتیش، ئەوا هەفتانە تەنیا یەک رۆژ دەوام دەکەن".
مەرجێکی دیکەی ساڵی نوێی خوێندن، بەستنی دەمامکە لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانیشەوە. هاوشێوەی خوێندنی عەرەبی، خوێندنی کوردیش لە کەرکووک، شنگال، خانەقین و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکە دەستپێدەکات، بەڵام بە چەند جیاوازییەک، چونکە لە کەرکووک رۆژانی ده‌وام بۆ چوار رۆژ له هه‌فته‌یه‌كدا كه‌مده‌كرێنه‌وه، ئه‌ویش له یه‌كشه‌ممه تاوەکو چوارشه‌ممه ده‌بێت.
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە لە پوختەکەیدا هاتووە "رۆژانی یه‌كشه‌ممه و دووشه‌ممه هه‌ردوو پۆلی یه‌کەم و دووەم پێكه‌وه ده‌وام ده‌كه‌ن، سێشه‌ممان هه‌ردوو پۆلی سێیەم و چوارەم، رۆژانی چوارشه‌ممەش پۆله‌كانی پێنجەم و شه‌شەمی سه‌ره‌تایی ده‌چنه‌وه قوتابخانە، بەڵام دەوامی پۆلەکانی قوتابخانە ناوەندی و دواناوەندییەکان و ئامادەییەکان، لەو چوار رۆژە بە خشتەیەکی جیاواز دەبێت، کە راگەیێندراوە".
بەپێی راگەیێندراوی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ژماره‌ی وانه‌كانی خوێندن حه‌وت وانه دەبن بۆ رۆژێك و هه‌ر وانه‌یه‌ک ته‌نیا 30 خوله‌ک ده‌بێت له‌نێو پۆلدا.