سوننەکان نەیانهێشت پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خانوو و زەوییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ و گرژی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد و پەرلەمانتارانی سوننە، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چەندین جارە سوننەکان رێگرن لە دەنگدان بەو پڕۆژەیە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29-10-2024 دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی دەستیپێکرد.
یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دەنگدان بوو بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
پرۆژەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. کورد و تورکمان بە هیوای ئەوە بوون ئەمجارە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدرێت و ببێتە یاسا، بەڵام جارێکی دیکە رووبەڕووی نەخێری سوننەکان بووەوە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەندین جارە ئەم پرۆژەیاسایە دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی سوننەکانەوە دانیشتنەکە تەواو ناکرێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان گوتی، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سوننەکان پێداگربوون لەسەر ئەوەی پرۆژەکە بەو جۆرەی لە حکومەتەوە هاتووە دەنگی لەسەر بدرێت. ئەو پڕۆژەیە بەو جۆرەی ئەوان دەیڵێن هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیار لەخۆدەگرێت."
پڕۆژەکەی حکومەت لە 5 مادە پێکهاتووە و ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس دەکات، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکاندا دەستکاری کرا و هەندێک بڕیاری دیکەی بۆ زیادکرا تاوەکو زۆرترین زەوی لە سنووری مادەی 140 بۆ کورد و تورکمان بگەڕێنێتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "راستە پرۆژەکە لە حکومەتەوە هاتووە، بەڵام ئەرکی پەرلەمانە دەستکاریی بکات، کەم و زیادی بکات. لیژنەی یاسایی دەستکاریی کردووە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دیکەی بۆ زیادکردووە و بەو جۆرەش گەیشتوونەتە نزیکەی 18 بڕیار و ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی لە پارێزگای دیالە، دەشتی نەینەوا، مەخموور لە پارێزگای نەینەوا، ناوچەکانی دیکەی وەک دوجێلی لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ زیادکراوە."
دارا سێکانی گوتیشی، "سەرەتا سوننەکان چوونە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان و دواتر گەڕانەوە؛ زۆری نەبرد گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو."
هاوکات هەر ئەمڕۆ سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و سوننە لەسەر پڕۆژەیاساکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخرا."
پەرلەمانتارەکەی عێراق گوتی، "مادەی یەکەمی پرۆژەیاساکەی حکومەت هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعسی لەخۆگرتووە، بەڵام پێشنیازەکەی لیژنەی یاسایی کە داواکاری کوردە، بڕیارەکانی زیادکردووە بۆ 18 بڕیار."
سروە محەممەد رایگەیاند، سوننەکان گوتیان، پێویستە دەنگ لەسەر پڕۆژەکەی حکومەت بدرێت، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەخت لەسەر پڕۆژە هەموارکراوەکە دەکەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گرژییەکە لەوەوە دەستیپێکردووە، هەیبەت حەلبووسی، پەرلەمانتاری تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازە لەسەر پرۆژەکە ناڕەزایی دەربڕیوە و قسەی تووندی کردووە و لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووەتە دەمەقاڵەیان.
پەرلەمانتارانی کورد باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان. ئەو زەوییانە بەشێوەى بەناوکردن دەستیان بەسەردا گیراوە، نەوەک داگیرکردن یان کوژاندنەوە.