رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق کاری دوو ساڵی حکومەتەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، کارەکان هۆکار بوون بۆئەوەی هەژاری و هەڵاوسان دابەزن.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە (29-10-2024)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەبۆنەی دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کاری حکومەتەکەی قسەی کرد و گوتی، کاری لەپێشینەی حکومەت، هاووڵاتییە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە.
سوودانی گوتیشی، هەنگاوەکانیان بوونەتە هۆی ئەوەی داهاتی نانەوتی بە رێژەی 6% زیاد بکات، بەڵام باسی لەوەش کرد، داهاتی دەروازە سنوورییەکان نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، بەتایبەتی لە "دەروازەکانمان لە هەرێمی کوردستان."
"62% بەرنامەی حکومەت جێبەجێ کراوە"
بە گوتەی سوودانی، حکومەت لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا 62% بەرنامەکەی جێبەجێ کردووە.
محەممەد شیاع سوودانی باسی لەوە کرد، "لە هەموو عێراق دەستکەوتمان هەبووە؛ پرۆژەکان لە یەک بوار و تەنیا بۆ یەک شار و پارێزگا نەبوون. پرۆژە هەبووە دەستی پێکراوەتەوە کە لە 2005ـەوە وەستابوو."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کۆی 1471 پرۆژەی وەستاو، کارکردن لە 550 پرۆژە دەستیپێکردووەتەوە. ئەو پڕۆژانەی ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندان 8934 پرۆژەن."
دابینکردنی دەرمان و بەرهەمهێنانی کارەبا
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، لە بواری خستنەڕووی دەرفەتی وەبەرهێنان هەنگاوی گەورەیان ناوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ.
سوودانی رایگەیاند، پرۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی پشەسازیی دەرمانیان دەستپێکردووە و رایگەیاند، "ئێستا 35% پێداویستی نێوخۆ لە دەرمان دابین دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر 10% بوو. هیودارین بیگەیێنینە 85%."
لەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان، بە جۆرێک ئێستا 27 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
سوودانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش کرد و گوتی، "15 پرۆژەی پانەڵی تیشکی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کاریان لەسەردەکرێت کە پێکەوە بەرهەمهێنانیان دەگاتە 5720 مێگاوات کارەبا."
بێکاری و هەژاری لە عێراق
سوودانی گوتی، 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە چاودێریی کۆمەڵایەتی سوومەندن و هاوکارییش دەدرێتە قوتابیان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی تەمەنی حکومەتدا 130 ملیۆن سەبەتەی خۆراکیان دابەشکردووە.
بە گوتەی سوودانی، "بەهۆی رێکارەکانی حکومەتەوە هەژاری بۆ 17.6% دابەزیوە، لەکاتێکدا پێشتر 23% بوو؛ بێکاری 16.5% بۆ 14.4% دابەزیوە. ساڵی 2022 هەڵاوسان 6% بوو، لە 2024دا بۆ 3% دابەزیوە."
داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان
هەر لە درێژەی خستنەڕووی کارەکانی حکومەتەکەیدا، سوودانی گوتی، هەنگاوەکانیان بوونەتە هۆی ئەوەی "داهاتی نانەوتی بە رێژەی 6٪ زیاد بکات؛ هەروەها داهاتی باج لە 2024دا بە رێژەی 23٪ زیادبووە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، "رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری بووینەتەوە، وێڕای چاکسازییەکان. بەڵام داهاتی دەروازە سنوورییەکان نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، بەتایبەتی لە دەروازەکانمان لە هەرێمی کوردستان. پێویستمان بە رێکاری زیاتر بۆ تووندوتۆڵکردن و یەکخستنی پێناسی گومرگی هەیە."
هێزی هاوپەیمانان و گۆڕانکاری لە کابینەی وەزاری
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لە وڵاتەکەی قسەی کرد و گوتی، لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رێککەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانیان بەگوێرەی خشتەیەکی کاتی راگەیێندراو.
سوودانی لەبارەی کابینەی حکومەتەکەیشی رایگەیاند، لەسەرووبەندی گۆڕانکاریدان لە کابینە وەزارییەکە، ئەوەش بەگوێرەی ئاماژەکانی کارکردن و"ئەمە هەڵوێستێکی سیاسی نییە بەرامبەر ئەم فراکسیۆنە و ئەو حیزیە، بەڵکو خواستێکە بۆ ئەوەی باشتر پێداویستییەکانی قۆناخەکە و خواستی خەڵک جێبەجێ بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ