رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە، بەشێک لە کەسوکاری چەکدارانی عێراق، کە لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕێندراونەتەوە عێراق، رووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە.
رۆژی سێشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2024 رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە، 7 کەس کە لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕێندراونەتەوە عێراق، رووبەڕووی ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.
رێکخراوەکە لێکۆڵینەوەی "لە 8 دۆسیە لە ساڵانی 2023 و 2024 کردووە، ژنێک و 7 پیاو بوون. 7 لەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە گوتوویانە، رووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە."
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)ـدایە. بەشێکی زۆری دانیشتووانی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. هەفتەی رابردوو، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی، لە ساڵی 2021وە تاوەکو ئێستا 2629 خێزانی عێراقییان لە کەمپی هۆڵ گەڕاندووەتەوە، کە زیاتر لە 10 هەزار کەس دەبن.
ئەو خێزانە عێراقییانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە سنووری شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا. کەمپەکە ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعشی عێراقی دروستکرا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکەی رێکخراوی ئەمنیستی، ئەو کەسانە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عیراقەوە "ئەشکەنجەدراون"، ئەمە کاتێک دوای گەڕاندنەوەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کەمپی جەدعە دەستگیرکراون و بردراون بۆ لێکۆڵینەوە.
سەنتەری جەدعە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە و بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. بە گوێرەی رێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ، دوو هەزار و 223 کەس لە سەنتەرەکەن کە هەزار و 318یان منداڵ، 627یان ژن و 627یشیان پیاون.
رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی 2024، مارتن وۆر، بەرپرسی شانەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن گوتی "لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ژمارەی ئەوانەی لە نێو کامپی هۆلن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆرێک 40٪ـی ژمارەکە کەمبووەتەوە؛ لە 70 هەزار کەسەوە بۆ 40 هەزار کەس کەمبووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ