لیژنەی پەروەردەی عێراق داوای خولی سێیەم بۆ پۆلی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بۆ پۆلەکانی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی بکرێت. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، سێشەممە یەکلایی دەبێتەوە.
دوێنێ شەممە، لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی تاوتوێکردنی ئەگەری ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بوو بۆ پۆلیسی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 29-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەکەماندا نووسراوی فەرمیمان بۆ وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بۆ قوتابیانی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی."
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە دەڵێت، بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم، رۆژی 18 ئەم مانگە لیژنەی پەروەردە نووسراوی بۆ وەزارەتی پەروەردە کردبوو، دوێنێش نووسراوێکی دووپاتکردنەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە کرایەوە.
بەگوتەی نەجوا حەمید، بڕیارە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە تاقیکردنەوەی خولی سێیەم یەکلایی ببێتەوە و وەزارەتی پەروەردە بڕیار لەو بارەیەوە بدات.
ئەگەر بڕیارەکە بدرێت، تاقیکردنەوەی خولی سێیەم ئەو قوتابییە ئاوارانەش دەگرێتەوە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن. ئەوە بە گوتەی نەجوا حەمید.
رۆژی 22-09-2024 ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق بە بەشداریی زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی دەستیپێکرد.