شاندێکی ئەمنیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی شەممە، 30-09-2023، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق کۆببنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە رۆژی شەممە، شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەندامیێتی هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی باڵای عێراقی تاوتوێی دۆخی ئەمنیی سنوورەکان بکەن. 
 
هەر بەپێی زانیارییەکان شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری نیشتمانی و بەرپرسانی باڵای دیکەی عێراقی کۆدەبنەوە. پرسی رێککەوتنە ئەمنییەکان و دۆخی سنوورەکانی عێراق تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەبێت.
 
 
رۆژی دووشەممە، 18-09-2023، شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ تاوتوێکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران.
 
رۆژی 19ـی ئادارى 2023، عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنى ئەمنى نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد، یەکێک لە خاڵەکانى، پاراستنى ناوچە سنوورییەکانى نێوان هەردوو وڵات و دوورخستنەوەى هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بوو لەسەر سنوورى نێوانیان.