هۆڵەندا 120 سەربازی دیکە دەنێرێتە عێراق

29-09-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هۆڵەندا نزیکەی 120 سەربازی دیکە و 3 هێلیکۆپتەر دەنێرێتە عێراق. 

حکومەتی هۆڵەندا رۆژی هەینی، 29-9-2023، بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی ناتۆدا لە عێراق، نزیکەی 120 سەربازی دیکە و سێ هێلیکۆپتەری جۆری چینووک دەگوازێتەوە عێراق. 
 
ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە، حکومەتی هۆڵەندا لە تەممووزی ئەمساڵدا رایگەیاند، نزیکەی 145 سەرباز دەنێرێتە عێراق و بڕیارە رۆژی 1-1-2024 بگەن. 
 
ئەرکی ناتۆ لە عێراق لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2018 و لەسەر داوای حکومەتی عێراق دەستیپێکرد. ئەرکی هاوپەیمانییە سەربازییەکە بریتییە لە راهێنان و زیادکردنی توانای هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی رێگە نەدەن داعش بەهێز بێتەوە. ناتۆ هەروەها دەڵێت، سەقامگیری عێراقی بەلاوە مەبەستە. 
 
ئەرکی سەرەکیی ئەو هێزەی دەنێردرێتە عێراق بریتییە لە دابینکردن و گەیاندنی خواردن و کەرەستە بۆ سەربازەکانیان؛ هەروەها هێلیکۆپتەرەکان بە مەبەستی گواستنەوەی سەربازەکانیان بەکاردەهێنن. 
 
چینووک، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی دروستکراوی کۆمپانیای ڤێرتۆڵی ئەمریکییە. هێلیکۆپتەرەکە لە ساڵی 1962 یەکەمین دانەی لێ دروستکرا و تاوەکو ئێستا نزیکەی 1200 دانەی لێ دروستکراوە. 
 
هۆڵەندا ئەندامێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشیشە کە لە ساڵی 2014 بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزرا. ئەو وڵاتە لە رێگەی ناردنی سەرباز و راوێژکاری سەربازییەوە یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش دا. هۆڵەندا لە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش رۆڵێکی کارای هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە