لە بەردەم هۆڵی زەماوەندەکەی حەمدانیە کەسوکاری قوربانییان رێگەیان نەدا بەرپرسان بچنە ژوورەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سەرۆککۆمار و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی عێراق گەیشتنە حەمدانیە و بەشدارییان لە پرسەی قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە کرد. بەشێک لە کەسوکاری قوربانییان لە بەردەم هۆڵی ئاهەنگەکە رێگەیان نەدا سەرۆککۆمار، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و پارێزگاری بچنە نێو هۆڵەکەوە.
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کە بە سێ هێلیکۆپتەر گەیشتە حەمدانیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم کارەساتە گەورەیەی بەسەر خەڵکی حەمدانیە هاتووە، هاتووین پاڵپشتیی خۆمان نیشان بدەین کە هەرشتێک پێویست بێت بۆیان بکەین."
 
جگە لە سەرۆککۆمار، ئەمڕۆ ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاری عێراقیش لە حەمدانیە بوون، ئامانجیان بوو لە نزیکەوە گوێ بگرن لە کەسوکاری قوربانییان، مەترانی کلێساکانی نەینەوا داوای کرد کە تەواوی قوربانییان بە "شەهید" هەژمار بکرێن.
 
ئەحلام رەمەزان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "وەڵامی سەرۆککۆمار، وەڵامێکی دڵخۆشکەر بووە بۆیان کە پێی گوتن تەواوی قوربانییان بە 'شەهید' هەژمار دەکرێن و ئەوەی لە تواناشدا بێت بۆ برینداران دەکرێت."
 
لە بەردەم هۆڵی زەماوەندەکەی حەمدانیە، بەشێک لە کەسوکاری قوربانییان کۆبوونەوە، وێنەی ئازایزانیان هەڵگرتووە و چاوەڕێن لانی کەم بەشێک لە جەستەکانی کەسوکارەکانیان بدۆزنەوە.
 
ئیڤال مرجان، کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە بە رووداوی گوت، "من چیم دەوێ کێ ئەم چوار کەسەم بۆ دەگێڕێتەوە؟ ببینن کوڕەکەم، کچەکەم، هاوژین و دایکم، کێ بۆمن دەیانگەڕێنێتەوە، مافم هەیە و حکومەت دەبێ پێمان بڵێت کێ خاوەنی ئەم هۆڵەیە."
 
بەشێک لە کەسوکاری قوربانییان لە بەردەم هۆڵی زەماوەندەکە رێگەیان نەدا سەرۆککۆمار، پارێزگاری نەینەوا و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بچنە ژوورەوە. ستێلا یەڵدان، کەسوکاری قوربانیی رووداوەکەی حەمدانیە باسی لەوە کرد، "[سەرۆککۆمار] بە من دەڵێت 'وەرە بەغدا هاوکاریتان بکەین، من دەمەوێ ئێستا هاوکاریمان بکرێت، با حکومەت خاوەن هۆڵ رادەستی دادگەی گەل بکات، من لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکەم. من و هەموو ئەوانەی دڵیان سووتاوە."
 
دوای سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانیش بەشداریی پرسەی قوربانییانی حەمدانیەی کرد، بەڵام نەچووە هۆڵەکە و سەردانی شوێنی رووداوەکەی نەکرد، تەنیا بەشداری لە پرسەکە کرد.