رووداو دیجیتاڵ
بۆنی پیسی ئاوەڕۆی گەڕەکی زۆسک لە سۆران، هاونیشتمانییانی دانیشتووی گەڕەکەکەی نیگەران کردووە و دەڵێن، مەترسیی تووشبوونیشیان بە نەخۆشی لەسەرە. ماوەیەک پێش ئێستاش منداڵێک کەوتە نێو ئاوەڕۆکە کە سەری دانەپۆشراوە.
گوڵچین غەفوور، دانیشووی گەڕەکی زۆسک لە سۆران بە رووداوی گوت، "منداڵ دەکەونە ناوی، ئۆتۆمبێل دەکەێتە ناوی، منداڵی بچووک بەتایبەت هەر ناتوانێت بەسەریدا بپەڕێتەوە و قاچی تێدا گیر دەبێت، کوڕەکەم لێرە کەوتە ناوی بەخوا جلەکانیم رێک فڕێدان، ئەوە دراوسێکانم دەزانن."
خونچە حەمەدەمین، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و باس لەوە دەکات، "زۆر زۆر پیسە، جرج ئێمەی خوارد بەخوا، خۆ ناوێرین هیچ ئامێری فێنککەرەوە بەکاربهێنین."
خەلیل ساڵح، هاونیشتمانی گوتی، "لە راستیدا رووی ئەوەمان نییە میواندارییەک بکەین، فێنککەرەوە پێدەکەین بۆنی مێش و مەگەز دەمانخوات."
ئاوەڕۆکە پڕ بووە لە پیسی و پاشماوە. دانیشتووانی گەڕەکەکە رازی نین بە نۆژەنکردنەوەی و دەیانەوێت هەڵبگیرێت و جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە.
زوبێر حارس، قایمقامی سۆران باس لەوە دەکات، "شتێکی ناخۆش ئەوە بوو هەندێک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە خۆیان ئاسنەکانیان لادابوو و، لە شوێنی دیکە دایان نابوو کە هیچ عەیبیان نەبوو، رەنگە کۆن بووبن، بەڵام هەر باش بوون، ئەو هاووڵاتییە کە ئاسنەکانی هەڵگرتووە، ئەو منداڵە کەوتبووە ناوی بەداخەوە، دامان ناوە بەشێکی زۆری بە کربستۆن دابپۆشین و بەشێکی کەمی بە ئاسن، هەم بۆنەکەی نامێنێت هەم بە ئاسانی دەتوانریت خاوێن بکرێتەوە."
بە تەنیشت ئەو گەڕەکەوە، گەڕەکی دیکەش هەن کە نەبوونی ئاوەڕۆ بۆ دانیشتووانیان، کێشەی بۆ دروستکردوون و داوای چاککردنیان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ