ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونکردنەوە لەبارەی 'ماسکەکەی سیستانی' دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، هیچ  سکاڵایەک لەسەر محەممەد رەزا، کوڕی عەلی سیستانی تۆمارنەکراوە، لەبەر ئەوەی ماسکێکی دروستکراو لە شێوەی دەموچاوی عەلی سیستانی دەبەستێت. دەشڵێت، "لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ هیچ دادوەرێکیان بەو ناوەوە نییە کە سکاڵاکەی بۆ بەرزکرابێتەوە و مۆر و واژۆکانی نێو نووسراوەکەش ناڕاستن."
 
رۆژی هەینی، 29-9-2023، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا کەسێک دەردەکەوێت گوایە لە شوێنی مانەوەی عەلی سیستانییە و ماسکێکی دروستکراو لەشێوەی دەموچاوی ئەو لە رووخساری دەکاتەوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سکاڵایەک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە بۆ دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ بەرزکراوەتەوە و بە ناوی عەقیل جاسم بەدەن ئەلبدێری تۆمارکراوە، نووسراوەکە ناڕاستە و هیچ دادوەرێکیش لە دادگەکە بەو ناوە نییە و ئەو مۆر و گوزارشتانەی بەکارهێنراون و دراونەتە پاڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، راست نین."
 
لە هەفتەی رابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە گوایە شوێنی مانەوەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانە، تێیدا کەسێک دەردەکەوێت ماسکێکی دروستکراو لەشێوەی دەموچاوی سیستانی لە دەموچاوی دەکاتەوە، گوایە دوای دیدارێک بووە لەنێوان کەسێک کە رۆڵی عەلی سیستانی دەگێڕێت لەگەڵ جێنین بلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق.
 
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانە، لە ساڵی 1930 لەدایکبووە، لە ئێران و عێراق خوێندنی ئایینی خوێندووە، لە ساڵی 1988، ئەبو قاسم خوئی، مەرجەعی شیعەکان داوای لێکرد لەبری ئەو نوێژ بکات، سەرەتا رازی نەبووە، ساڵی دواتر رازی بوو و لەوکاتەوە بە شوێنگرەوەی خوئی ناویهێنرا، پشتیوانیی زۆر زانا و ناوداری شیعەکانی وەرگرتووە و لە ساڵی 1992ـەوە بووە مەرجەعی باڵای شیعەکان.
 
لەتیف یەحیا، یەکەم کەس بوو ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکردەوە و دواتر هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە گوایە محەممەد رەزا، کوڕی عەلی سیستانی رۆڵی عەلی سیستانیی باوکی دەگێڕێت و لە ساڵی 2004ـەوە سیستانی لە ژیاندا نەماوە.
 
سکاڵاکە بە ناوی پارێزەر عەقیل جاسم بەدەن ئەلبدێرییەوە بڵاوبووەتەوە، گوایە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ لەسەر کوڕەکەی سیستانی تۆماری کردووە و باس لەوە کراوە، ئەو کارەی کوڕەکەی سیستانی تاوانە و داوای کردووە دادگەکە سەرجەم رێکارەکان بگرێتەبەر.
 
لە نووسراوەکەدا، کەسێک بە ناوی دادوەر مەحموود حەسەن خەفاجی، رۆژی 23ـی ئەیلوولی 2023، واتە هەمان رۆژی پێشکێشکردنی سکاڵاکە، واژۆی لەسەر نووسراوەکە کردووە و داوای کردووە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکرێت، بەڵام ئەنجوومەنی دادوەری ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە.
 
عەلی سیستانی لەدوای رووداوەکانی ساڵی 2003 و شەڕی تایفی و شەڕی داعش و رووداوە سیاسییەکانی عێراق لە رێگەی فەتوا و بۆچوونەکانیەوە قسەی یەکلاکەرەوەی هەبووە، بەڵام ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ دەبێت دەستوەرناداتە کایەی سیاسی و ئامادەنییە پێشوازی لە هیچ بەرپرسێکی عێراقیش بکات، چەند جارێک هەواڵی مردنی بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن نووسینگەکەیەوە کە محەممەد رەزای کوڕی سەرپەرشتی دەکات، رەتکراوەتەوە.