ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: هاوپەیمانانمان لە درۆنە تورکییەکە ئاگادارکردبوویەوە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی خستنە خوارەوەی درۆنە تورکییەکە دەڵێت، دەزگا ئەمنی و هاوپەیمانان لە درۆنەکە ئاگادارکرانەوە، بەڵام درۆنەکە نەناسراو بوو. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەرگریی ئاسمانی درۆنێکیان بینی بوو و چاودێرییان کردبوو. درۆنەکە هاتبووە ئاسمانی کەرکووک کە دامەزراوە و بارەگاکانی عێراقی لێیە." 
 
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئاسمانی کەرکووک و بەدیاریکراوی لەسەر گەڕەکی تسعینی شاری کەرکووک درۆنێکی گەورە خرایەخوارەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت، کاژێر 9:30ـی بەیانی درۆنەکەیان بەدیکردووە و کاژێر 10:30ـی بەیانی خراوەتە خوارەوە. 
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی پشتڕاستی دەکاتەوە کە درۆنەکە "تورکییە و لەنێو شاری کەرکووک کەوتە خوارەوە لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری کەوتنەخوارەوەی لێدەکرێت."
 
درۆنەکە لە جۆری UVA AKSUNGURـە کە پێشتر پێی دەگوترا ئەنکا-2 و لەلایەن کۆمپانیای پیشەسازیی گەردوون و ئاسمانی تورکی دروستکراوە. 
 
پێشتر، عەمید روکن عەبدولسەلام حەموودی رەمەزان، جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی-ناوچەی باکوور لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لە شوێنی خستنەخوارەوەی درۆنەکەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی تسعینی شاری کەرکووک رایگەیاند، "تیمەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق درۆنێکی تورکییان کە لای سنووری سلێمانییەوە هاتبوو، خستەخوارەوە."
 
گوتیشی، "درۆنە تورکییەکە بە چەک و هەوڵی عێراق و رێنماییەکانی فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق خراوەتەخوارەوە."
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە