مانگی رابردوو تورکیا بایی زیاتر لە ملیارێک دۆلار هەناردەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە

رووداو دیجیتاڵ 

هەناردەی تورکیا لە مانگی رابردوودا 13٪ زیادبووە و کورتهێنانیش 42٪ کەمبووەتەوە. عێراق و هەرێمی کوردستان چوارەم گەورەترین هاوردەکاری کاڵای تورکیا بوون لەو مانگەدا.
 
دەزگای ئاماری تورکیا بڵاویکردەوە، لە تەمموزی ئەم ساڵدا تورکیا بایی 22 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی دەرەوە کردووە. ئامارەکە دەری دەخات هەناردە 13٪ بەروارد بە هەمان مانگی 2023 زیادبووە. 
 
دەزگای ئاماری تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، لەو مانگەدا تورکیا بایی 29 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردە کردووە. ئامارەکە دەری دەخات کە هاوردە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2023 بە رێژەی 7.8٪ کەمی کردووە.
 
بە گوێرەی ئامارەکە، مانگی رابردوو کورتهێنانی بازرگانیی دەرەوە 7 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە [588 ترلیۆن و 820 ملیار لیرەی تورکی].
 
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دەڵێت، کەمبوونەوەی کورتهێنانی بازرگانیی دەرەوە رەنگدانەوەی پێشڤەچوونی حکومەتە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئەو کورتهێنانە زۆرەی ئێستا هەیە.
 
لە تەمموزی ئەم ساڵدا تورکیا بایی ملیارێک و 752 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئەڵمانیا کردووە؛ دوای ئەویش بەریتانیا بە ملیارێک و 604 ملیۆن دۆلار، ئەمریکا بە ملیارێک و 441 ملیۆن دۆلار، عێراق و هەرێمی کوردستان بە ملیارێک و 59 ملیۆن دۆلار و ئیتاڵیاش بە ملیارێک و 29 ملیۆن دۆلار دێن.
 
بەپێی ئاماری تورکیا، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا هەناردەی کاڵای تورکیا بۆ دەرەوە گەیشتووەتە 148 ملیار و 738 ملیۆن دۆلار، ئەوەش 4.1٪ زیادبووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023. 
 
تورکیا دەشڵێت، بەراورد بە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ 8.3٪ کەمتر کاڵای هاوردە کردووە کە بایی 198 ملیار و 676 ملیۆن دۆلار بووە.
 
بەو جۆرە کورتهێنانی بازرگانیی دەرەوەی تورکیا لەو حەوت مانگەی ئەم ساڵدا 49 ملیار و 938 ملیۆن دۆلار بووە. بەراورد بە هەمان ماوەی 2023، کورتهێنانی بازرگانی 38 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە.