رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری مردوویەک لە نەخۆشخانەیەکی شاری نەجەف پەلاماری پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە دەدەن. تەندروستیی نەجەف دەڵێت، لەسەر ناردنی تەرمەکە بۆ دادپزیشکی بووە.
رووداوەکە لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە شاری نەجەف روویداوە؛ دیمەنەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.
ماهر عەبوودی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندرووستیی نەجەف، رۆژی پێنجشەممە 29-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هاووڵاتییانە نەخۆشێکی تەمەن 50 ساڵیان هێنایە نەخۆشخانە. نەخۆشەکە دوای ماوەیەکی کەم لە گەیشتنی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
ماهر عەبوودی دەڵێت، "پزیشکەکان وەک رێکاری ئاسایی و بۆ زانینی هۆکاری مردنەکەی تەرمەکەیان رەوانەی دادپزیشکی کرد، بەڵام کەسوکارەکەی ئەو کارەیان پێناخۆش بوو و گوتیان چۆن دەبێ تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکی بکرێ، چونکە ئەو کەسە لە هۆزێکی ناسراوە کە هۆزی شبلە؛ بۆیە پەلاماری پزیشک و کارمەندەکانیان دا".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی نەجەف دەڵێت، سکاڵایان تۆمارکردووە و چاوەڕێی دادگەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانە سزای یاسایی و دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
هەر لەوبارەوە، حەیدر جابر شبلی، نەقیبی پزیشکان لە پارێزگای نەجەف رایگەیاند، هێرشکردنە سەر پزیشکان، کارمەندانی تەندروستی و پەرستاران هەرەسهێنانی ئاکاری نێو کۆمەڵگەی نەجەفە و پاراستنی پزیشکانیش بوونی نییە.
حەیدەر جابر گوتی، رێکاری یاسایی دەگرنەبەر بۆ ئەوەی کەسانی پەلاماردەر تووندترین سزایان بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ