1200 پۆلیسی فیدراڵی دەگوازرێنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا؛ نزیکەی 250 کەسیان کوردن

رووداو دیجیتاڵ 

1200 پۆلیسی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەگوازرێنەوە سەر بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا کە 250 تاوەکو 300 کەسیان کوردن. سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، ئامادەکارییە بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە 29-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ رادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنی پارێزگای نەینەوا، لیوای 25 پۆلیسی فیدراڵی کە لە چوار فەوج پێکهاتووە لەگەڵ دوو فەوجی دیکە دەگەڕێندرێنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی خۆجێیی نەینەوا. 
 
دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکانی زیقار، موسەننا، نەجەف، واست، بابل و دیوانییە لە ماوەی رابردوودا رادەستی پۆلیس کراونەتەوە. 
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، مانگی پێنجی ئەم ساڵ گوتی، ئەم ساڵ دۆسیەی ئەمنی لە 11 پارێزگای عێراق لە سوپا وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە پۆلیس؛ گوتیشی، پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین لەو پارێزگایانە دەبن دۆسیەی ئەمنییان رادەستی پۆلیس دەکرێتەوە.
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، ئەو کەسانە ژمارەیان نزیکەی 1200 کەس دەبێ و نزیکەی 250 بۆ 300 کەسیان کوردن و خەڵکی پارێزگای نەینەوان.
 
پێشتر ئەو کەسانە لە پارێزگای نەینەوا بوون، بەڵام دواتر بۆ سەر پۆلیسیی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوێزرانەوە و زۆرجار کاریان لە دەرەوەی نەینەوا بوو، لەوانەش پارێزگاکانی باشووری عێراق، بەڵام دوای گەڕانەوەیان ئەرکیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەبێ و دەبنە پۆلیسی پارێزگای نەینەوا.
 
پۆلیسیی فیدراڵی عێراق لە ساڵی 2004 دامەزراوە؛ سەرەتا ناوی کۆماندۆی نێوخۆ بوو، دواتر بووە فەرماندەیی پۆلیسی نیشتمانی و لە 2009ش ناوەکەی بووە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی.