6 کەس بە تۆمەتی گوێگرتن بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەرپرسانی باڵای عێراق دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەنگۆی گوێگرتن لە پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە رەتدەکاتەوە، رووداو زانیاری لەبارەی تۆڕەکە و ئەو بەرپرسانەی گوێ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان گیراوە یان هەوڵی بۆ دراوە بڵاودەکاتەوە.

 

رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە گوێگرتنی نهێنی و سیخوڕیکردن بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە دەکەن و رایگەیاند، "ئەوەی لە دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا باس دەکرێت لەبارەی هەوڵی گوێگرتن لە پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، راست نییە." 
 
رۆژی 20ـی ئەم مانگەش نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکەم پشتڕاستکردنەوەی حکومەتی لەبارەی کەیسەکە بڵاوکردەوە، ئەوەش دوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن سوودانییەوە لەسەر یەکێک لە فەرمانبەرانی نووسینگەکەی کە لەو کەیسەدا تێوەگلاوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە کەسانی ئاگاداری کەیسەکە وەریگرتووە، لە کەیسی گوێگرتنی نهێنی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەرپرسان، کەسێک بەناوی "محەممەد جوحی" کە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکانە، تۆمەتباری سەرەکییە و دەستگیرکراوە.
 
پێنج کەسی دیکەش تۆمەتبارن بەوەی "گوێیان لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی بەرپرسانی باڵا گرتووە و ئامانجیشیان گوشارخستنەسەریان بۆ وەرگرتنی پارە و ملکەچکردنیان بە کاری نایاسایی و کارگێڕی بۆ سوودی کەسی بووە." 
 
دۆسییەکە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی تایبەت بە تاوانەکانی تیرۆرە. لە لێکۆڵینەوەکاندا محەممەد جوحی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ناوی ژمارەیەک کەسی دیکەشی داوە کە لەگەڵیدا ئەو کارەیان کردووە، لەنێویاندا ژمارەیەک ئەفسەری هەواڵگری و ئەمنی هەن.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەیسەکە نوێیە. ئێمە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەمان دەبێت و ئەگەری هەیە ئەو بابەتەش باسبکەین."  
 
سەگڤان سندی گوتی، "ژمارەیەک کەس دەستگیرکراون، بەڵام نازانین ئەفسەریان تێدایە یان نا"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "لەو باوەڕەدا نین دۆسییەکە پەیوەندیی بە دەزگایەکی هەواڵگریی وڵاتێکی هەرێمی یان وڵاتی دیکەوە هەبێت، بەڵکو زیاتر بۆ هەراسانکردن و وەرگرتنی پارە بووە و بابەتەکە تەواو نێوخۆییە."
 
دۆسییەکە تەنیا گوێگرتنی نهێنی نییە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، بەڵکو خۆخستنە شوێنی کەسانی دیکە، قسەکردن بەناوی بەرپرسانی دیار و خۆناساندنیان بەوانیشی تێدایە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو بەرپرسانەی گوێ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان گیراوە یان هەوڵ دراوە گوێیان بۆ بگیرێت زیاتر لە 30 کەس دەبن، لەنێویاندا عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ؛ موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح؛ ژمارەیەک بەرپرسی حەشدی شەعبی لەنێویاندا ئەبو زەینەب لامی، بەرپرسی ئاسایشی حەشد؛ حەمید غزی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران؛ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی؛ یاسر سخێڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا؛ مستەفا سەنەد و ژمارەیەک پەرلەمانتار و پارێزگار و بەرپرسی دیکە هەن.