کەسایەتییەکی ئایینیی شیعە: یاسای سزادان هەمواردەکەینەوە و دەبێت کاروبارەکان بۆ زانایان بگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەسایەتییەکی ئایینیی شیعە هەڕەشەی هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقی و یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی دەکات و دەڵێت، ئەوان زۆرینەن و دەبێت کاروبارەکان لە عێراق بۆ زانایان بگەڕێنەوە. ئەندامێکی هاوپەیمانیی 188ـی دژ بە هەمواری یاسای باری کەسیش دەڵێت، "دەستووری عێراق گەرەنتی ئازادییەکانی داوە".
گوتارێکی ئایینیی مورتەزا مودەڕیسی، کوڕی محەممەد تەقی مودەڕیسی، یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعە دەکەوێتە بەر رەخنەی بەشێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا، دوای ئەوەی هێرشی تووندی کردە سەر چالاکڤانانی ژن و دەڵێت، کار بۆ هەموارکردنەوەی ژمارەیەک یاسای دیکەش دەکەن، لەوانە یاسای باری کەسی و یاسای دادگەی فیدراڵیی عێراق.
لەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوبووەتەوە، مورتەزا مودەڕیسی دەڵێت، "ئێمە یاسای سزاکانیش دەگۆڕین؛ یاسای دادگەی فیدراڵیش دەگۆڕین. پێویستە کاروبارەکان لەم وڵاتەدا بۆ دەستی زانایان بگەڕێنەوە. ئەی بیدەین بە دەستی ئەم و ئەو تاوەکو هەر رۆژێک پێیانخۆشبوو بە یاسای لێبووردنی گشتی هەموو تیرۆریستەکان لە زیندان دەربێنن؟ هەر رۆژە و شتێکی نوێمان بۆ دەربکەن؟"
ئەو کەسایەتییە رەخنە لە بەشێک لە پەرلەمانتاران دەگرێت و بە ترسنۆک ناویان دەبات و دەشڵێت، "ئێمە ئەو حوکمانەمان دەوێن کە حوسێن لە پێناویاندا شەهید بوو. ئێمە ئەم قورئانەمان دەوێت؛ دەمانەوێت لە وڵاتەکەماندا ئەم قورئانە حوکم بکات. ئەوەی بەدڵی نییە کێشەی خۆیەتی. ئێمە زۆرینەین؛ بڕۆن خۆپێشاندان بکەن".
زەینەب دەڕاجی، ئەندامی هاوپەیمانیی 188 کە کۆمەڵێک چالاکڤان و رێکخراوی دژ بە هەمواری یاسای باری کەسی لەخۆدەگرێت، بە رووداوی گوت، "دەستووری عێراق ئازادییەکانی فەراهەم و گەرەنتی کردووە. راستە لەم وڵاتە زۆرینە و کەمینە هەیە، بەڵام دەبێت شکۆ و مافی پێکهاتەکان پارێزراو بێت. عێراقییەکان دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و مەدەنییان دەوێت."
دوای مشتومڕێکی زۆر، رۆژی 4ـی ئابی 2024، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی هەمواری یاسای باری کەسی کرد کە هەنگاوەکە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.
رۆژی 17ـی ئابی 2024، رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) رایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسی رێگە بە مەرجەعەکانی ئایینی دەدات لەبری یاساکانی دەوڵەت کاروباری هاوژینی و میرات دژی مافە بنەڕەتییەکان رێکخبەن.