رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 14 گرێبەستى بوارى نەوت و گازى پەسند کرد و پارەى بۆ هەناردەى گاز لە ئێران و کڕینى کارەبا زیاد کرد. 25%ى گومرگى خستە سەر هاوردەکردنى مریشکى پارچەکراو کە دوو مانگى دیکە لە هەموو دەروازەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ى ئاب، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبووەوە و چەند بڕیارێکى دەرکرد.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گرێبەستەکانى گەڕى شەشەم و تەواوکاریى گەڕى پێنجەمى نەوت و گازى پەسند کرد کە 14 گرێبەستە، تاوەکو بۆ واژۆکردنى کۆتایی ئامادە بێت.
هەروەها رەزامەندى درا لەسەر زیادکردنى بڕى یەک ملیار و 463 ملیۆن دینار لە چوارچێوەى هاوردەکردنى سوتەمەنى گازى ئێران. 619 ملیار و 68 ملیۆن دیناریش لە چوارچێوەى هاردەکردنى کارەبا بۆ بودجەى وەزارەتى کارەبا بۆ ساڵى 2024 زیاد کرا.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا کە رێژەى گومرگى مریشکى پارچە کراو و دروستکراوەکانى، 25% بێت، کە پێشتر رێوشوێنەکانى پاراستنى سامانى نێوخۆیی نەیدەگرتەوە، هەروەها رێژەى گومرگى مریشکى بەستوو 25% بمێنێتەوە، ئەم بڕیارە لە دواى 60 رۆژ لە دەرکردنى دەست بە جێبەجێکردنى دەکرێت و دەبێت سەرجەم خاڵە سنورییەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە جێبەجێى بکەن.
چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ کەرتى پەروەردە بوو، بڕیاردرا 22ى ئەیلوول ساڵى نوێى خوێندن لە سەرانسەرى عێراق دەستپێبکات.
ئەنجوومەنى وەزیران، وەزارەتى پەروەردەى سەرپشک کرد بۆ کڕینەوەى قوتابخانەی عێراقی لە تونس و بکرێت بەناوى ئەو وەزارەتەوە، ئەو قەرزانەشی لەسەریەتى لە سندووقى ناوەندیى پەروەردە بدرێنەوە.
هەروەها بڕیاردرا لیژنەیەکى هاوبەش لە وەزارەتەکانى دەرەوە و پەروەردە پێکبهێنرێت لە بارەى قوتابخانەکانى عێراق لە دەرەوە و لەو بارەیەوە راسپاردە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرز بکرێتەوە.
ئەنجوومەنى وەزیران دەسەڵاتى دایە وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ دانوستاندن لەبارەى نرخ و تایبەتمەندى سیستمى ئاودانى نوێ بۆ ئەوەى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاى گشتیى پیشەسازیى ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکانى بکات بۆ ئامادەکردنى سیستمى ئاودێریى نوێ بە هەموو جۆرەکانیەوە بەو 147 ملیار دینارەى بۆى تەرخان کراوە.
بۆ برەودان بە تواناى کەرتى ئاسمانیى کشتوکاڵ (فڕۆکەی کشتوکاڵی)، بڕیاردرا داوا لە سێ کۆمپانیا و ناوەندى جیهانى بکرێت بۆ ئەوەى ئەو فڕۆکە کشتوکاڵییانەى لەکار کەوتوون چاکبکرێنەوە و بخرێنەوە کار و فڕۆکەوانیان بۆ ئامادە بکرێت و مۆڵەتى کارکردنى ئەو فڕۆکانە و کارمەندەکانى لە دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى عێراق وەربگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ