عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەى وەزارى هاوبەشیان لەبارەى رێگەى گەشەپێدان کرد

29-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرانى گواستنەوەى عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى وەزارەتى هاوبەشی نێوانیان کرد لە چوارچێوەى یاداشتێکى لێکتێگەیشتن کە مانگى نیسان لە بەغدا واژۆیان کردووە لە بارەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریاندا دەستەیەکى هاوئاهەنگى دابمەزرێنن و  دوو مانگى دیکە دووەم کۆبوونەوە لە بەغدا بکەن.
 
 کۆبوونەوەى وەزارى چوار قۆڵى ئەو چوار وڵاتە 29ى ئاب لە شارى ئیستەنبووڵى تورکیا کرا.
 
مەیسەم سافى، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: ئەوە یەکەم کۆبوونەوەى چوار قۆڵى نێوان ئەو وڵاتانە بووە لەسەر ئاستى وەزارەتە پەیوەندارەکان لەبارەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
 
23ى نیسان، یاداشتی لێکگەیشتنی چوار قۆڵیی لەنێوان وەزیرانی گواستنەوەی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات واژۆ کرا لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
 
واژۆکردنى یاداشتەکە بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بوو کە بە یاوەرى شاندێک سەردانى بەغدا و هەرێمى کوردستانى کرد.
 
مەیسەم سافى گوتى: "کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەى ئەو یاداشتى لێکتێگەیشتنە بووە کە لە نێوان هەر چوار وڵاتەکە لە بەغدا واژۆکراوە، بڕیاردرا کە دوو مانگى دیکە دووەم کۆبوونەوە لە بەغدا بکرێت".
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە جێبەجێکردنى بڕگەکانى یاداشتى لێکتێگەیشتنەکە کراوە، لەوانە دامەزراندنى دەستەیەکى هاوئاهەنگى لەسەر سێ ئاست، یەکەمیان وەزارى بە بەشدارى هەر چوار وەزیرەکە، دووەمیان هاوئاهەنگى بە بەشدارى بەڕێوەبەرانى گشتى، سێەمیش جێبەجێکاریى کە لە شارەزایان و تەکنیککارانى هەر چوار وەزارەتەکە پێکدێن.
   
رێگەی گەشەپێدان، بەندەری فاو بە تورکیاوە دەبەستێتەوە؛ تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و چاوەڕوان دەکرێت قۆناخی یەکەمی لە 2028 تەواو بێت، قۆناخی دووەم ساڵی 2033 و قۆناخی سێیەم و کۆتاییش ساڵی 2050 تەواو بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە