رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەکات 11 بەرپرسی ئەو وەزارتە کە حەوتیان لە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە و ئەوانی دیکەش بەرپرسن لەنێو وەزارەت دووربخاتەوە.
حەسەن سالم، سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانی سیاسیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی کردووە، داوای دوورخستنەوەی 11 بەرپرسی وەزارەتەکە دەکات کە لە نووسراوێکی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری ناویان هاتووە و تۆمەتبارن بەوەی بەعسی بوون.
ئەو پەرلەمانتارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-08-2024 بە رووداوی گوت: "بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەو دەستەیە کە لە 31ـی تەممووز بۆی ناردووین، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو کەسانە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەردەی دەیانگرێتەوە و نابێت پلەی تایبەت، پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری هۆبەیان هەبێت."
دەستەی نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری، یەکێکە لە دامەزراوەکانی عێراق لەدوای ساڵی 2003 دامەزراوە، دەستەکە سەرەتا بەناوی "دەستەی نیشتمانیی ریشەکێشکردنی بەعس" دامەزرا، دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە 2005، یاسای دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسەندکرا، ئەرکی دەستەکە دوورخستنەوەی ئەو کەسانەیە کە پێشتر "بەعسی" بوون و پلەیان هەبووە لە دامەزراوەکانی عێراق و یاسایەکی تایبەت بەخۆی هەیە.
ئەو بەرپرسانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، ئەمانەن:
1- ئەروا هاشم عەبدولحوسێن محەممەد روبەیعی، هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە میسر.
2- ئوسامە محەممەد سامی ئەلڕاوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی بریکاری کاروباری کارگێڕی و هونەری لە وەزارەت.
3- جابر نەجم عەبدوڵا حەسەن تمێمی، هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە کازاخستان.
4- حەیدەر فلحی حوسێن عەلی بەتات، یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی لە وەزارەتی دەرەوە.
5- دورەید موسعەب حوسێن عەبدوڵڵا عەوادی، کونسووڵی گشتی لە فرانکفۆرت-ئەڵمانیا.
6- تاریق عادل کازم محەممەد شاهر، هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکراینا.
7- موهەنەد ئەحمەد عەبد موحسین عەززاوی، هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزانەی عێراق لە ئوردن.
8- زیبان حەسەن شەمام محەممەد زوبەیدی، یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی ئەورووپا لە وەزارەت.
9- ئابی نیعمەتوڵڵا خەلیل محەممەد تائی، هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە جنێڤ-سویسرا.
10- محەممەد عومەر سەلاحەدین ئیسماعیل شێخلی، یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەت.
11- ماهر موجهید جیجان عەبد عەلوانی، کونسووڵی گشتی لە مەشهەد- ئێران.
عێراق زیاتر لە 100 باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتیی لە وڵاتان و رێکخراوەکان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ