پێنج زیارەتکاری ئێرانیی مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف رزگارکران
رووداو دیجیتاڵ
خانووەیەک کە وەکو میوانخانە بۆ زیارەتکارانی مەزارگەی ئیمام عەلی لە شاری نەجەف بەکاردەهێنرا، رووخا و، 'پێنج میوانی بیانی لە مردن رزگارکران.'
نوئاس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەوی چوارشەممە لە شاری نەجەف باڵەخانەیەکی کۆن رووخا، پێنج کەس کە زیارەتکاری ئێرانی بوون، لەنێویاندا پیاوێکی بەتەمەن و ئافرەتێک هەبوون، رزگارکران."
روونیشیکردەوە "ئەو باڵەخانەیەی رووخاوە، کۆن بووە و دەکەوێتە شەقامی رەسوول لە شاری نەجەف، ژێرزەوینێکی تێدابووە بۆ میوانداریکردنی زیارەتکارانی چلەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن و ئەوانەی سەردانی مەزارگەی ئیمام عەلی دەکەن، بەکاردەهێندرا، سوپاس بۆ خوا تیمەکانی بەرگریی شارستانی خێرا گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و برینداران بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە."
بەهۆی رووداوەکە و بۆ رێگریکردن لە رووخانی ئەو بەشەی دیکەی ماوە، بەرگریی شارستانی بڕیاری قەدەخەکردنی بەکارهێنانی میوانخانەکە و رووخاندنی تەواوەتیی دەرکرد.
مەزارگەی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب، دەکەوێتە شاری نەجەف، بەهۆیەوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکاران بەتایبەت لە شیعە مەزهەبەکان سەردانی دەکەن.