رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران مانگی داهاتوو یەکەم سەردانی بۆ دەرەوە دەکات و یەکەم وڵاتیش عێراق دەبێت سەردانی بکات.
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند "لەسەر بانگهێشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆککۆمار بەمنزیکانە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی عێراق دەکات."
روونیشیکردەوە "بەپێی پلانی داڕێژراو، مەسعود پزیشکیان لەنێوان 10 بۆ 21ـی ئەیلوول سەردانەکە دەکات."
باڵیۆزی ئێران لەگەڵ ئەوەی سەردانەکەی بە "گرنگ" وەسف کرد، دەشڵێ "لە سەردانەکەدا ژمارەیەک یاداشت واژۆ دەکەن، کە بڕیاربوو لە سەردانی شەهید ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران واژۆیان بکەن."
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەبارەی سەردانەکەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "زۆر گرنگە، مەسعود پزیشکیان لە بەرنامەیدایە سەردانی ژمارەیەک وڵات بکات کە لەپێشترێتی کارەکانیدایە، لەنێویاندا عێراق."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هێشتا وادەی سەردانەکە دیارینەکراوە، بەڵام سەردانەکە بەگوتەی ئەو لەدوای بانگهێشتەکەی عێراق دێت.
دەشڵێت "مەسعود پزیشکیان لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیشەوە بانگهێشتکراوە، بەڵام تاوەکو سەردانەکەی بۆ عێراق و بەغدا یەکلایی و رووننەبێتەوە، دەرناکەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات یان نا."
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، کە لە 5ـی تەممووزی 2024 بەڕێوەچوو، زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد؛ پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا و بووە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران.
هەڵبژاردنی پزیشکیان لەکاتێکدایە 19-05-2024 هێلیکۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حەوت کەس لە یاوەرانی دوای هەستان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان و لە رێگەی چوون بۆ تەورێز لە ناوچەی وەرزەقانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و، هەر هەشت کەسیان گیانیان لەدەستدا.
بڕیاربوو ئیبراهیم رەئیسی، سەردانی عێراق بکات و بێتە هەولێریش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ