رووداو دیجیتاڵ
هۆشبەر و بەکارهێنەر و بازرگانانی، زۆر بە خێرایی بە عێراقدا بڵاودەبنەوە و زیاد دەکەن، بۆ بازرگانیکردنیش بە هۆشبەر، بازرگانەکان چەندین رێگە بەکاردەهێنن، یەکێک لەوانە گواستنەوەیەتی "بە درۆن." بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکانى پەرلەمانى عێراق، ئێستا 11 هەزار ئالوودەبوو یان بازرگانی هۆشبەر لە زیندانەکانی عێراقدان.
"قەدەخەکردنی کحول بەکارهێنانی هۆشبەری زیاد کردووە"
یاساى داهاتى شارەوانییەکان لە ساڵى 2016 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا، بەڵام لە 20ی شوباتى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە وارى جێبەجێکردنەوە؛ لە مادەی 14ی یاساکەدا هاتووە، "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەخە دەکرێت."
بڕگەی دووەمی ئەو مادەیەش سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێچەوانەی ئەو دەقە کار دەکەن و پێبژاردنى دارایی دیاریکراوە کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
هێمن باجەلان، ئەندامی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەکاربردن و بازرگانیکردن بە هۆشبەر لە عێراق، روو لە زیادبوونە، ئەمەش چەند هۆیەکی لەپشتە، لەوانە: قەدەخەکردنی کحول، شلکردنی سنوورەکان بەتایبەت لەگەڵ ئێران، بێکاری، هەژاری و وازهێنان لە خوێندن."
ماجید شنگالى، ئەندامی لیژنەى بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکانى پەرلەمانى عێراق بە رووداوی گوت، "قەدەخەکردنی کحول، کاریگەریی زۆر خراپی هەبوو، چونکە کحول بەراورد بە هۆشبەر، زیانی زۆر کەمترە و وایانکرد بەشێک لە مەیخۆرەوەکان رووبکەنە مادەی هۆشبەر."
لە عێراق بە درۆن هۆشبەر دەگوازرێتەوە
بۆ بازرگانیکردن بە هۆشبەر، چەندین رێگە هەن، بەڵام نوێترین و نامۆترینیان کە تازە خەریکە لە عێراق دەبێتە دیاردە، بەکارهێنانی درۆنە بۆ ئەو مەبەستە. هێمن باجەلان دەڵێت، "ئێستا لە عێراق، یەکێک لە رێگەکانی گواستنەوەی هۆشبەر بە درۆنە."
بەڵام ماجد شنگالی دەڵێت، "زیاتر لە سووریاوە بە درۆن بازرگانیی بە هۆشبەرەوە دەکرێت و دەهێندرێنە عێراق، ئەمەش پێویستی بە پلانێکی ئەمنیی تووندە بۆئەوەی بتوانرێت سنوور و ئاسمانەکەشی کۆنترۆڵ بکرێت."
ئەندامی لیژنەى بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکانى پەرلەمانى عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سووریا، بازرگانیکردن بە هۆشبەر بووەتە بازاڕێکی گەورە و ساڵانە دەگاتە 3 - 4 ملیار دۆلار."
لیژنەى بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکانى پەرلەمانى عێراق بەدواداچوونێکی کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، مادەی هۆشبەر زیاتر لە کافێ، سەنتەری مەساج و سەنتەرەکانی جوانکاری بڵاوبوونەتەوە.
11 هەزار کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە هۆشبەر لە زیندانەکانی عێراقن
ماجید شنگالى، ئەندامی لیژنەى بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکانى پەرلەمانى عێراق لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو گوتی، "هەندێک ئامار بڵاودەکرێنەوە راست نین. بەپێی نوێترین ئامار، ئێستا لە عێراق 11 هەزار کەس بەهۆی بازرگانیکردن بە هۆشبەرەوە لە زیندانن، تووشبووش زۆر زۆرن، بەڵام ژمارەی تۆمارکراو نییە."
ئەو کەسانەی لە عێراق بە تۆمەتی هۆشبەر دەستگیر کراون، 70%یان تەمەنیان 18 - 35 ساڵانە. هەروەها هێمن باجەلان، ئەندامی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤی عێراق دەڵێت، "ئەوانەی دەستگیر دەکرێن وەکو تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام پێویستە ئالوودەبووان وەکو قوربانی سەیربکرێن."
عەقید بیلال سوبحی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، ئەگەر ئامارەکانی چوار ساڵی رابردووی بەکاربردن و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر وەکو نموونە وەربگرین، دەردەکەوێت کە هۆشبەر چەند بە خێراییەکی مەترسیدار بڵاوبووەتەوە.
ئەم زیادبوونە خێرایە، هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی.
ئامارەکانی چوار ساڵی رابردووی تۆمەتبارانی هۆشبەر لە عێراق بەمشێوەیە:
ساڵی 2020: زیاتر لە 7500 بازرگان و بەکاربەر
ساڵی 2021: زیاتر لە 12800 بازرگان و بەکاربەر
ساڵی 2022: زیاتر لە 16800 بازرگان و بەکاربەر
ساڵی 2023: تاوەکو مانگی تەممووز، 11000 بازرگان و بەکاربەر
هێنانی هۆشبەر بۆ عێراق و بڵاوبوونەوە
1- کریستاڵ: زیاتر لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق (بەسرە و میسان) بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەی هێنانیشی ئێرانە.
2- حەشیش: لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق زیاتر بڵاوە و سەرچاوەکەی ئێران و ئەفغانستانە.
3- حەبی کەپتاگۆن: زیاتر لە پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراق بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەکەی لوبنان و سووریایە.
4- لە بەغدا، زۆربەی جۆرەکانی هۆشبەر بڵاوبوونەتەوە و بووەتە سەرچاوەیەکیش بۆ پارێزگاکانی دیکە.
حکومەتی عێراق رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر تووند دەکات
15ی ئاب پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاسای هەموارى یەکەمى یاسای مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان کرد کە لەلایەن سەرۆکایەتیى کۆمارەوە نێردرابوو.
بەگوێرەى هەموارى مادەى 6ى یاساکە، بەڕێوەبەرایەتییەک لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق دەکرێتەوە کە ئەفسەرێکى پسپۆڕ بەڕێوەبەرى هەر بەڕێوەبەرایەتییەک دەبێت و ئەرکی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکان دەبێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کاریگەرییە دەروونییەکانى عێراق دەبێت، لە کاتێکدا پێشتر لە یاساکەدا کردنەوەى ئەو نووسینگانە تەنیا لە پارێزگاکانى عێراق بوو.
شێروان دووبەردانى، ئەندامى لیژنەى مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەموارەکە بە ئاڕاستەى تووندکردنى رێوشوێنەکانى یاساکەیە بۆ بنبڕکردن مادەى هۆشبەر.
بەگوێرەى یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى هەموارەکە، لە سەرجەم خاڵە سنوورییە ئاسمانى، وشکانی و دەریاییەکان یەکەى تایبەت بە بنبڕکردنی مادەی هۆشبەر دادەنرێت.
یەکێک لە هەموارەکانى دیکەى ئەوەیە کە دەستەى باڵاى نیشتمانى بۆ کاروبارى مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان دەخرێتە ژێر دەسەڵاتى وەزارەتى ناوخۆی عێراق لەبرى وەزارەتى تەندروستى، کە پێشتر لە یاساکەدا بەو جۆرە بوو.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە دەستەکە بەهێزتر بێت و رێوشوێنەکان تووندتر بکرێن.
ئەمساڵ 20 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن مافیاکانی هۆشبەرەوە کوژراون
ئێران، سووریا و ئەفغانستان سەرچاوەی زۆربەی ئەو هۆشبەرانەن کە دەهێندرێنە عێراق، بەتایبەت جۆرەکانی کریستاڵ و کەپتاگۆن.
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 20 ئەفسەر و پۆلیس لەلایەن مافیاکانی مادەی هۆشبەرەوە کوژراون.
عیماد عەبدولڕەزاق، راوێژکاری نیشتمانی بۆ تەندروستیی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "لە عێراقدا سێ بنکەی وازهێنان و شیاندنەوەی تووشبووانی هۆشبەر دروستکراون کە لە پارێزگاکانی ئەنبار، کەرکووک و نەجەفن."
5000 تۆمەتباری هۆشبەر لە زیندانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن
عەمید حوسێن نامیق، بەڕێوەبەری گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، 5000 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر لە زیندانەکانی ئاسایشدان کە دەکاتە 65%ی کۆی دەستگیرکراوان.
عەمید حوسێن گوتی، "دەستگیرکراوەکان 10%یان ژنن زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان 15 - 35 ساڵانە و زۆربەیان کریستاڵ بەکاردەبەن."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پار یەک تۆن و نیو حەبی کەپتاگۆن دەستی بەسەردا گیراوە کە یەک کیلۆ 6500 حەبە.
بەپێی پۆلێنکردنی ئەوان، چوار جۆر هۆشبەر هەن: سرووشتی، نیمچە سرووشتی، کیمیایی و پزیشکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ