سێ عێراقی کە لە ئێران رفێندرابوون، ئازاد کران
رووداو دیجیتاڵ
سێ هاووڵاتی، کە خەڵکی باشووری عێراق بوون و ماوەیەک لەمەوبەر لە ئێران لەلایەن گرووپێکەوە رفێنرابوون، ئازاد کران و گەیشتنەوە نێو کەسوکاریان.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئێوارەی 28-08-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران و کۆنسوڵخانەکەی لە ئەهواز، لە رۆژانی رابردوودا بەدواداچوون و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکانی ئێران کردووە لەبارەی رفاندنی سێ هاووڵاتیی عێراق.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، دوای هەوڵ و بەدواداچوونەکان، هەرسێ رفێندراوەکە ئازادکراون و رادەستی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی چۆنییەتی رزگارکردنی ئەو کەسانە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەو سێ کەسە (محەممەد بەشار محەممەد، موسا کازم موسا و مونتەزەر ستار کازم) چەند رۆژێک لەمەوبەر گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکرایەوە، کە لەنێو ئەشکەوتێک بەسترابوونەوە و ئەشکەنجە دەدران.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی چوارشەممە، 23-08-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەدواداچوونی بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆییە و ژمارەیەک وێنە کردووە، کە تێیدا ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراقی لە ناوچەیەک دەردەکەون کە پێیدەگوترێت ورمێ، لەلایەن گرووپێکەوە رفێنراون و لە بەرامبەر ئازادکردنیان، داوای پارە دەکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها گوتبووی وەزارەتەکەیان "بە گرنگییەوە بەدواداچوون دەکات، دوو هەفتە لەمەوبەر زانیاریمان بەدەستگەیشتووە، هاوئاهەنگی باڵامان هەیە لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی، باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندارە ئەمنییەکانی تاران دەکات و هاوئاهەنگیش لەگەڵ هەموو لایەکدا دەکەن بۆ سەلامەتیی گیانیان و ئازادکردنیان."
جەواد کازم موسا، برای موسا کازم، رۆژی چوارشەممە، 23-08-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "براکەم رۆژی 13ـی مانگی ئاب بۆ سەردانی ئیمام رەزا چووەتە ئێران. رۆژی 15ـی ئەم مانگە یەکێک لە ئێرانەوە لە رێگەی وەتسئاپەوە پەیوەندی پێوەکردین داوای 7 هەزار دۆلاری دەکرد لە بەرامبەر ئازادکردنی براکەم."
جەواد کازم گوتبووشی "ژمارەی رفێنراوە عێراقییەکان رەنگە 20 کەس بن، لەنێویاندا براکەمی تێدایە، بەپێی زانیارییەکان ئەمانە لە ئەشکەوتێکی باکووری ئێرانن لە نزیک سنووری تورکیا."
جەواد کازم ئاماژەی بەوەکرد، "دوای پەیوەندییەکە، بەپەلە 7 هەزار دۆلاریان کۆکردووتەوە بۆ ئەو کەسە ئێرانییە و 500 دۆلاریشیان داوە بۆ حەواڵەکردن، پەیوەندییان بە هەمان ژمارەی کەسە ئێرانییەکە کردووە کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت و پێی راگەیاندوون کە براکەی دەستی بەستراوەتەوە و بە تاکسییەک رەوانەی دەکەنەوە، بەڵام کاژێر چواری ئێوارەی هەمان رۆژ، ژمارەکەی بلۆک کردوون و تائێستا هیچ هەواڵێکیان نییە."
ساڵانە سەتان هەزار عێراقی سەردانی ئێران دەکەن، بەشێکی زۆریان دەچنە شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خۆراسان کە مەزارگەی ئیمام رەزای لێیە.