رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەدر دوو بژارەی لەبەردەمە بۆ دۆخی ئێستا و پێیوایە: "ئەگەر سەدر لە پرۆسەی سیاسیی بکشێتەوە، سەرجەم خواست و هیوا سیاسییەکانی دەمردن و پێدەچێت ئەو کشانەوەیەی بۆ ئەوە بێت کۆمەڵێک مەرجی نوێ بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا بسەپێنێت".
رۆژی دووشەممە 29-8-2022 جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات و گوتی: "سەدر دوو رێگەی لە بەردەمە، یان دەبێ خۆپێشاندەران بباتە سەر دامودەزگاکانی حکومەت و پەکیبخات، یانیش دەست بکشێنێتەوە و دەرفەت بدات چوارچێوەی هاوئاهەنگی حکومەت پێکبهێنێت".
جەمال کۆچەر دەڵێت: "ئەگەر هەیە قۆناخێکی قورستر بێتە پێشەوە و سەدر نەتوانێت بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت، لەبەر ئەوەی کاتێک خۆی لە پرۆسەی سیاسی کشاندەوە، دەڵێت ئەوەی روودەدات هەڵوێستی من نییە بەڵکو هی خەڵکە، کاتێکیش بەرپرسیاریەتییەکە دەخاتە ئەستۆی جەماوەر، دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و ئەگەر هەیە خەڵک بکوژرێت و قۆناخەکە بەرەو تووندوتیژی بچێت".
لەبارەی بڕیاری کشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، جەمال کۆچەر گوتی: "ئەگەر هەیە ئەو هەنگاوەی سەدر بۆ ئەوە بێت کە لەوە تێگەیشتبێت یان بکشێتەوە و رێگە بە پێکهێنانی حکومەت بدات کە ئەو کاتیش کەسانی دەوروبەر و هێزەکانی نزیک لەو بەناوی سەرپێچی و گەندەڵی بگرن و لەنێویان ببەن، یانیش بەرگری لەخۆی بکات و دۆخەکە بەرەو قۆناخێکی خراپ بچێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە: "سەدر دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی، ئەگەر نەگەڕێتەوە، سەرجەم هیوا و خواستەکانی دەمرن، کە یەک لە هیواکانی ئەوەیە ببێتە مەرجەعی باڵای عێراق و هەروەها حکومەتێکی زۆرینەی بەهێز لە عێراق دروستبکات، ئەوانەش بە کشانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی نایەنەدی".
لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکانی عێراق بەرامبەر کشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی جەمال کۆچەر گوتی: "لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەباشی دەزانن کە نەمانی سەدر لە پرۆسەی سیاسی بۆ ئەوان سەرئێشەی زۆر دروستدەکات، بۆیە دواجار هەر خۆیان دەچن داوای گەڕانەوەی لێدەکەن، لەبەر ئەوەی پەرلەمان و دامودەزگاکان و حکومەتیش کێشەیان بۆ دروستدەبێت و کاتێکیش سەدر گەڕایەوە، رەنگە هەندێک مەرجی هەبێت و بەو لایەنانەی واژۆ بکات بۆ ئەوەی جێبەجی بکرێن".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوماڵی شیعە بەدوور دەزانێت و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "ئەگەر سەدر هێزەکانی سەرایا سەلام و لیژنەی خۆپێشاندانەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەو واتایەیە شەڕی ناوخۆی شیعە دروستنابێت و موقتەدا سەدریش خۆی چەندین جار رایگەیاندووە کە رێگەنادات دۆخەکە بگاتە ئاستێک کە خوێن بڕژێت، بۆیە بژارەی شەڕی ناوخۆ لەناو ماڵی شیعەدا ئەگەرێکی لاوازە".
جەمال کۆچەر سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی ناوجەی سەوز گوتی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەیوەندییان بە ئێمەوە کرد و پێیان گوتین ناومان تۆمارکەین بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان و شوێنەکەیان دەستنیشان نەکردبوو، ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی پێمان باشبوو دەرگەی گفتوگۆ دانەخەین، بەڵام ئەوەمان لەبەرچاوگرت کە رەنگە کۆبوونەوەکە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی زیاتر، بۆیە گوتمان ئێمە لەگەڵ ئەوەین دامودەزگاکانی حکومەت کارابن، بەتایبەتی پەرلەمان، بەڵام بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت با کۆبوونەوەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق بەردەوام بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ