دە رۆژە شیعەکانی ناسریە دووکانیان داخستووە و خەریکی شین و لەخۆدانن

30-08-2020
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی عاشوورا لە ناسریە. وێنە: رووداو
بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی عاشوورا لە ناسریە. وێنە: رووداو
نیشانەکردن عاشوورا
A+ A-
 
رووداو - ناسریە

دە رۆژه‌ له‌ ناسریه‌، شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە، دووكان و بازاڕه‌كانیان داخستوون و خه‌ڵكه‌كه‌ ته‌نیا خەریکی شین و لەخۆدانن. نزیكه‌ی 20 هه‌زار کەس لە پەیڕەوانی شیعه‌،‌ شیوه‌ن ده‌كه‌ن و داوای لێخۆشبوون له‌ ئیمام حوسەین ده‌كه‌ن.
 
حامد موسه‌وی یەکێک لە بەشداربووانی رێوڕەسمەکەیە و به ‌تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پشت به ‌خودا سبه‌ی، به ‌توانا و هێزی خودا ده‌چینه‌ كه‌ربه‌لا بۆ نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمان بۆ ئیمام حوسەین و هه‌موو موسڵمانان و پێغه‌مبه‌ر، سبه‌ی ده‌چینه‌ كه‌ربه‌لا".
 
قاسم سه‌عدی رێكخه‌ری كاروانی شیعه‌كان ده‌ڵێت "ده‌چینه‌ لای حوسەین و ئاماده‌ین بۆ چله‌ی ئیمام حوسەین. ئێمه‌ له‌ مه‌راسیمی ئیمام حوسەین زیاترمان نییه‌، با هه‌موو پێكهاته‌كان بزانن، به‌ناوی نه‌وه‌كانی فاتیمه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین و پشت به ‌خودا 10ی موحه‌ڕه‌م ده‌چینه‌ كه‌ربه‌لا".
 
هه‌موو رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا لە رێوڕەسمەکەدا پشتگوێخراون، له‌ ناسریه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا 280 كه‌س به‌ كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە 2800 كه‌سی دیكه‌ش تووشبوون، خه‌ڵكی خۆپارێزی ناكه‌ن و پشتیان به‌ ئیمام حوسەین به‌ستووه‌.
 
د. ئه‌حمه‌د یاسر، به‌رپرسی هۆبه‌ی هۆشیاری له‌ ته‌ندروستیی زیقار گوتی ''به‌ڕاستی به‌پێی ئه‌مە بێت كه‌ ده‌یبینین، رێكاره‌كان به‌گوێره‌ی خواسته‌كان نین، ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌بێت پابه‌ندبن، به‌ڵام پابه‌ندنه‌بوون به‌م ژماره‌ زۆرە، تووشبوون بە کۆرۆنا زیاد ده‌كات، ده‌ڵێین به‌پێی توانا ماسک ببه‌ستن و ده‌ستكێش بكه‌ن".
 
لیوایه‌كی سوپا و شه‌ش فه‌وجی پۆلیس، پلانی ئه‌منیی عاشوورا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و زانیاریی ئه‌وه‌یان پێدراوه‌ كه‌ هه‌وڵی ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌ ده‌درێت له‌ ناسریە‌.
 
عه‌مید حاتەم جاسم فه‌رمانده‌ی پۆلیسی زیقار ده‌ڵێت "دۆخی ئه‌منی له‌ پارێزگاكه‌ به‌ هاوكاریی خه‌ڵك پشت به ‌خودا زۆر باشه‌، پلانی ئه‌منی جێبه‌جێبكرێت وه‌كو ئه‌وه‌ی دانراوه‌، وردبینی له‌ زانیاریی هه‌واڵگری و ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین، پشت به ‌خودا دۆخه‌كه‌ له‌ پارێزگاكه‌ زۆر باشه‌".
 
له‌ مانگی موحەڕەمدا شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ ماته‌مینی بۆ ئیمام حوسەینی كوڕی ئیمام عه‌لی ده‌گێڕن و پۆشاکی ره‌ش له‌به‌رده‌كه‌ن و خواردن ده‌بەخشنه‌وه‌، شین ده‌كه‌ن و له‌خۆیان ده‌ده‌ن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە