بۆچوونی حیزبەکانی کوردستان لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

29-08-2016
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
رووداو
رووداو
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

رۆژی دووشەممە 29-8-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە و لەبارەی سەردانەکەیشی حیزبەکانی باشووری کوردستان بۆچوونی خۆیان دەربڕی.


جارێكی دیکە كورد بۆ ئەوەی نیازپاكی خۆی بەرامبەر بە عێراق پیشان بدات، رێگەی بەغدادی گرتەوە بەر، رێگەیەك كە زۆرجار شاندەكانی بە نائومێدی ناردۆتەوە، بەڵام لەسەردانی ئەمجارەدا ئاماژەكان وایدەردەخەن، هەردوولا هێشتا پێكنەهاتوون بگەنە رێگەچارەیەكی گونجاو، بەلای پارتە سیاسییەكانیشەوە بەغداد هەرچۆنێك بێت تا بڕیاری چارەنووسی كورد مانەوە لەگەڵی باشترە لە دوورە پەرێزی.

سەباح قارەمانی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ رووداو دەڵێت "من پێم وایە كاتی خۆیشی كە لەگەڵ عێراق دابڕیان، دیراسەتێکی باشمان نەكردوو و كارێکی هەڵەبوو. ئێستاش ئەگەر حیزبەكان هەست بەوە دەكەن كە عێراق بەجددی دێتە سەرخەت، باشترین رێگە ئەوەیە لەگەڵ عێراق گفتوگۆبكەین".

لە 13 ساڵی رابردووەوە فایلەكانی نەوت، بودجە، پێشمەرگە و جێگەناكۆكەكان، ناو بەناو دەكرێنەوە و هێشتاش دانەخراون، زۆر گفتوگۆ و دانیشتن كرا، بەڵام مەرج و پێداگری دۆخەكەی بە هەڵپەسێوراوی هێشتۆتەوە، بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێت، سەردەمی زێڕینی پێشكەوتنی كوردستان ئەو كاتەبوو كە لەگەڵ عێراق كۆك بووین، ئەوكاتەشی عێراقمان زوویر كرد كوردستان بەم دۆخە نالەبارە گەیشت.

ئارامی حەمەی مینا، سەرپەرشتیاری مەكتەبی شەهیدانی یەكێتی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "جۆپۆلەتیكی ئێمە خنكاوە، بۆیە ئەگەر لەگەڵ عێراق بكەینە شەڕ و دابڕان و دەرەچەیەكی دیكە نەدۆزینەوە، ئەوا لەم دۆخە داراییە خراپەی خەڵك خراپترمان بەسەر دێت، بۆیە باشترە سەركردایەتی سیاسی ئێمە باشتر بیر بكاتەوە و رێگەیەك بدۆزینەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە