چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە پەرلەمان دەکات خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای باری کەسی بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای باری کەسی بکات، کە لە کارنامەی کۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردووی پەرلەمان بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە دەرهێندرا.
 
شەوی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، لە نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بوو.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە: "لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایان لە پەرلەمانی عێراق کرد بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی یاسایی پڕۆژەیاساکە کە کۆمەڵێک کار رێکدەخات پەیوەندیی بە باری تایبەت بە هەر مەزهەب یان ئایینێکەوە هەیە، هیچ یاسایەکی دیکەش رەتناکاتەوە."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو هەموارەی باری کەسیی بە "گونجاو" لەگەڵ دەستوور دەزانێت کە دەڵێت: عێراقییەکان ئازادن لە هەڵبژاردنەکانیان و بەو شێوەیەی کە لەگەڵ جێگرەکانی شەریعەت و بنچینەکانی دیموکراسی دژ نەبێت.
 
بەپێی هەموارەکە، دەبێت ژن و پیاو لەکاتی هاوسەرگیری ئەو مەزهەبە دیاریبکەن کە دەیانەوێت حوکمەکانی بەسەریاندا جێبەجێ ببێت، لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازدا، مەزهەبی پیاوەکە کاری پێدەکرێت. 
 
هەموارەکە کە لەبەردەستی پەرلەمانە، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاددەکرێت، کە ئەمانەی تێدایە: 
 
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
- هەر کەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
 
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
 
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
 
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
 
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە: "دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسەند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
 
هەموارەکە نیگەرانیی بەشێک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و ئافرەتانی لێکەوتووەتەوە و، دەڵێن گرێبەستی هاوسەرگیری بەپێی مەزهەب دابەشکردنی عێراقە.