رووداو دیجیتاڵ
زۆربەى ئەو پارەیەی لە خشتەى بودجەى ساڵی 2024ى عێراق دەستکاری کراوە، بۆ پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوور زیاد کراوە. سەرۆکى کاتیى پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکی تایبەت بەو بابەتە هەڵدەوەشێنێتەوە و لیژنەیەکى دیکە پێکدەهێنێت.
بەگوێرەى نووسراوێک کە عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە 22ى تەممووز دەریکردووە، لیژنەیەکى 5 ئەندامی بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەستکاریکردنى خشتەیە پێکهێندراوە، بەڵام موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیى پەرلەمانی عێراق لە 24ى تەممووزدا بە نووسراوێکى دیکە ئەو لیژنەیەى هەڵوەشاندووەتەوە، بە پاساوى ئەوەی کە ئەو کارە ئەوەى پێچەوانەى پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەمانە.
مەندەلاوى لەبرى ئەوە لیژنەیەکى دیکەى بە سەرۆکایەتى شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمان لەسەر هەمان بابەت پێکهێناوە، کارى لیژنەکەش لێکۆڵینەوە دەبێت لە دەستکاریکردنى خشتەى بودجەی ساڵی 2024، دواى ئەوەى لە پەرلەمان پەسند کرا.
1ی تەممووز ئیحسان عەوداى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانی نووسراوێکى ئاراستەى پەرلەمانى عێراق کرد و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، دوو کۆپى خشتەى بودجەیان لە پەرلەمانەوە بۆ نێردراوە کە "جیاوازیی بنچینەییان" هەیە لەگەڵ ئەو خشتەیەى حکومەت بۆى ناردبوون؛ داواشى لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کردووە رێوشوێنە کارپێکراوەکان بۆ وردبینیکردن و زانینى هۆکارى ئەو جیاوازییە بگرێتەبەر.
رۆژی 3ـی حوزەیران، پەرلەمانى عێراق خشتەى بودجەى پەسندکرد؛ سەرۆککۆماری عێراق 25ـى تەممووز خشتەکەى واژۆکرد و رەوانەى رۆژنامەى وەقائیعی عێراق کرد بەمەبەستى بڵاوکردنەوەى تاوەکو بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەى ئەو زانیارییەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتووە، جیاوازی نێوان ئەو کۆپیانەی خشتەى بودجە زیاتر لە 14 تریلیۆن دینارە. زۆرترین پارە کە لە خشتەکەدا دەستکاری کراوە بۆ هەندێک لە پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشووری عێراق کراوە.
مستەفا گەرعاوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، گۆڕانکارى لە پارەى زۆر سێکتەر و و وەزارەتدا کراوە و هەندێکى دیکەش گوێزراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی داهاتى کۆمپانیاکانى نەوت خراوەتە سەر داهاتى هەناردەى نەوت.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە پەرلەمانى عێراق کە لەبەر هەستیارى بابەتەکە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوى گوت، "دەستکارییەکە لە لایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە کراوە."
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و بازرگانى پەرلەمانى عێراقیش بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "گومانەکە ئەوەیە لە پەرلەمان دەستکارى خشتەکە کرابێت."
خشتەى بودجەى 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاترە لە 20 تریلیۆن دینار.
مستەفا گەرعاوى گوتى، "کۆپیەکى خشتەى بودجەى حکومەت کارى پێدەکرێت، بەڵام ئەوەى روون نییە ئەوەیە چۆن ئەو دەستکارییە کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ