وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: تووندوتیژیی ژنان دژی پیاوان 17% زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ تووندوتیژیی دژی ژنان لە عێراق کەمی کردووە، بەڵام تووندوتیژی دژی پیاوان زیادی کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەممووزی 2024 لیوا عەدنان حەموود، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی خێزانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامارەکانی 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ دەریدەخەن تووندوتیژی خێزانی بە شێوەیەکی گشتی بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەم بووەتەوە."
عەدنان حەموود گوتی، "لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 16 هەزار تووندوتیژیی خێزانی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمار کراون، لە کاتێکدا لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا 17 هەزار تۆمار کرابوون. کەواتە تووندوتیژیی خێزانی بە رێژەی 10% کەم بووەتەوە."
ئەو بەرپرسە بە رووداوی گوت، بەڵام ئامارەکان ئەوەش پیشان دەدەن، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان بە رێژەی 17% زیادیکردووە.
سەبارەت بە ئاماری ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەری گشتی پاراستنی خێزان گوتی، "57%ی ئەو ئامارەی تۆمار کراوە، تووندوتیژی پیاوان بەرامبەر ژنان بووە؛ 17%ـیش تووندوتیژی ژنان بەرامبەر هاوژینەکانیان بووە؛ رێژەکەی دیکەش تووندوتیژی دیکە بووە، وەکو تووندوتیژی دایک و باوکەکان بەرامبەر منداڵەکانیان."
بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی خێزان دەڵێت، هێڵى گهرمى ژمارە 139 لە سەرانسەری عێراق بۆ پهیوهندیكردن لهكاتى ههستكردن به تووندوتیژیى خێزانى کارا کراوە و رۆژانە تێکڕا 90 پەیوەندی بەو هێڵە گەرمەوە دەكرێن.