ملیۆنێک کرێکاری بیانی لە عێراق هەن و تەنیا 43 هەزاریان تۆمار کراون

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 300 هەزار کرێکار دەستبەری کاریان بۆ کراوە و بەپێی یاسا مافیان پارێزراوە. سەندیکاکانی کرێکارانی عێراقیش وەزارەتەکان بە کارئاسانیکردن بۆ هاتنی کرێکاری بیانی تۆمەتبار دەکات. 
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28ی تەممووزی 2024) نەجم عیقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "زیاتر لە 300 هەزار کرێکار دەستەبەری کاریان بۆ کراوە؛ نزیکەی 43 هەزار کرێکاری بیانیش لە وەزارەتی کار تۆمار کراون؛ هەروەها لە دانانی یاسای ژمارە 18ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، پاراستنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ کرێکار کاری لەپێشینە بووە."
 
سەبارەت بە بوونی ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بیانی، رەحیم غانمی، جێگری سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق بە رووداوی گوت "نزیکەی 800 هەزار بۆ ملیۆنێک کرێکاری بیانی نایاسایی لە عێراق دا هەن."
 
غانمی کارئاسانیی بۆ هێنانی کرێکارە بیانییەکان دەخاتە ئەستۆی وەزارەتەکان و دەڵێت، "لە عێراقدا زیاتر لە چوار ملیۆن بێکار هەن، کەچی کارئاسانی بۆ هێنانی کرێکاری بیانی دەکرێت، وەزارەتەکانی ناوخۆ، پلاندانان، نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان هۆکاری سەرەکی هاتنی ئەو ژمارە زۆرە کرێکارەن و پێویستە حکومەت رێکاری پێویست بگرێتەبەر."
 
رۆژی 25ـی تەممووز، دوای ئەوەی هەواڵی دیارنەمانی 50 هەزار زیارەتکاری پاکستانی لە عێراق بڵاوبووەوە، لەوبارەیەوە سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق رەخنەی تووندیان لە حکومەت گرت و کۆمپانیا گەشتیارییەکانیان بەوە تۆمەتبار کرد؛ ئەوان کەسانی بیانی بەناوی سەردانی شوێنە ئایینییەکان دەهێنن و دواتر لە عێراق دەمێننەوە و کار دەکەن.