لە کەربەلا دەیان هەزار زیارەتکاری بیانی بەشدارییان لە رێوڕەسمی عاشوورادا کرد

29-07-2023
حەیدەر دۆسکی
رێوڕەسمی عاشوورا لە کەربەلا
رێوڕەسمی عاشوورا لە کەربەلا
A+ A-

رووداو - کەربەلا

زیارەتکاران لە کەربەلا کە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە چوونەتە شارەکە، بە شین و گریان و لەخۆدان و لەبەرکردنی جلی رەش، داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە دەکەن. یەکێک لە زیارەتکاران کە لە هیندستانەوە بەشداریی رێوڕەسمی عاشوورای کردووە دەڵێت، ئامادەکاریی باش کراوە و خەڵک و هێزە ئەمنییەکانیش هاوکارن لەگەڵیان.
 
جوزێل شوێبری، زیارەتکاری هیندستانی کە لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە کەربەلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی 14ی تەممووز هاتم بۆ موسڵ و دواتر بۆ بەغدا. پۆلیس و رێکخەران زۆرباش و هاوکار بوون. من بۆ یادی ئیمام حوسێن هاتووم و پۆلیس و رێکخەران هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون."
 
کارگێڕیی پارێزگای کەربەلا دەڵێت، پار زیاتر لە شەش ملیۆن زیارەتکار لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کردبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ هێشتا ئاماری وردیان دەستنەکەوتووە.
 
خوڵام رەزا، زیارەتکارێکی تەمەن 67 ساڵە و لە پاکستانەوە چووەتە کەربەلا، دەڵێت "من مامۆستای خانەنشینم و دوای خانەنشینبوونم هاتم بەشداریی بکەم لەیادی ئیمام عەلی. هەموو ئەرکەکانم جێبەجێ دەکەم و بۆمن وەکو حەجە. زۆر زۆر دڵخۆشم کەوا هاتوومەتە ئێرە."
 
ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار و 200 کاروانی جیا لە وڵاتانی جیهانەوە دەچنە کەربەلا و بەشداریی لە رێوڕەسەکانی عاشوورادا دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە